گەیلان حاجی سەعید: پەرە بە پەیوەندییە بازرگانییەکان لەگەڵ ڕووسیا دەدەین
سەرۆکی ژووری بازرگانیی هەولێر ڕایدەگەیەنێت: لەگەڵ شاندێکی ئەنجوومەنی بزنسی ڕووسی-عێراقی لە هەولێر کۆبوونەتەوە و گەیشتینە ڕێگەچارەی گونجاو بۆ چارەکردنی ئە کێشانەی دێنە بەردەم جووڵەی بازرگانیی نێوان ڕووسیا و هەرێمی کوردستان.
دووشەممە 30ـی ئەیلوولی 2024، شاندێکی ئەنجوومەنی بزنسی ڕووسی-عێراقی لە هەولێر، لەگەڵ ژووری بازرگانیی هەولێر کۆبوونەوە، دوای کۆبوونەوەکە، گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی ژووری بازرگانیی هەولێر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند: دەیانەوێت پەرە بە پەیوەندییە بازرگانییەکانیان بدەن و بۆ ئەم مەبەستە هەماهەنگیی نێوان بازرگانیی ڕووسیا و هەرێمی کوردستان زیاد دەبێت.
گەیلان حاجی سەعید لە کۆنگرە رۆژنامەنووسیەکەدا ڕایگەیاند: لەگەڵ ئەنجوومەنی بزنسی ڕووسی-عێراقی گفتوگۆمان کرد لەسەر ئەوەی بەچ شێوەیەک بتوانین پەرە بە جووڵەی بازرگانیی نێوانمان بدەین، گەیشتینە ڕێگەچارەیەکی گونجاو بۆ ئەو کێشە و گرفتانەی هەیە لەنێوان بازرگانانی هەردوولا، بۆ ئەوەی بتوانین لە داهاتوودا ئاسانکاریی بۆ هەردوولا بکەین.
ڕاشیگەیاند: بەپێی ئامارێکی شاندی ئەنجوومەنی بزنسی ڕووسی-عێراقی، ڕێژەی هەناردەی بازرگانیی ڕووسیا بۆ عێراق ساڵانە نزیکەی 200 ملیۆن دۆلارە، بەڵام بەپێی پێشبینی ئێمە، کەلوپەلی زۆر زیاتر لە ڕووسیاوە ڕەوانەی عێراق دەکرێت لەڕێگەی وڵاتانی دیکەوە.