ئاژانسه‌كانی هه‌واڵ: هێرشیی زه‌مینی ئیسرائیل بۆ سه‌ر حزبوڵلا ده‌ست پێ ده‌كات

سه‌ربازانی ئیسرائیل له‌ نزیك تانكێك
سه‌ربازانی ئیسرائیل له‌ نزیك تانكێك

ئاژانسه‌كانی هه‌واڵ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن، ئیسرائیلییه‌كان به‌ ئه‌مه‌ریكاییه‌كان گوتووه‌، نیازیان وایه‌ ئه‌م شه‌و هێرشی زه‌مینی بۆ سه‌ر حزبوڵلای لوبنانی ده‌ست پێ بكه‌ن.

دووشه‌ممه‌، 30ـی ئه‌یلوولی 2024، ئاژانسه‌كانی هه‌واڵ له‌سه‌ر زاری به‌رپرسێكی باڵای ئه‌مه‌ریكا بڵاویان كرده‌وه‌، ئیسرائیل به‌ ئه‌مه‌ریكای ڕاگه‌یاندووه‌، نیازی وایه‌ ئۆپه‌راسیۆنی هێرشیی زه‌مینی بۆ سه‌ر حزبوڵلای لوبنان ده‌ست پێ بكات.

ئه‌و به‌رپرسه‌ ئه‌مه‌ریكاییه‌ به‌ ئاژانسه‌كانی هه‌واڵی گوتووه‌، ئۆپه‌راسیۆنه‌ی ئیسرائیل بۆ سه‌ر حزبوڵلای لوبنان، ئه‌م شه‌و ده‌ست پێ ده‌كات.

دوای کوژرانی حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنانی لەلایەن ئیسرائیل، ئێستا باس لە چوونە ناو خاکی لوبنان و ئۆپەراسیۆنی زەمینی دەکرێت، ئەمەریکاش هۆشداری دەدات، کارێکی لەو شێوەیە هاوکاری گەڕانەوەی ئیسرائیلییەکان بۆ ماڵەکانیان ناکات.

ڕاپۆرتەکان باس لە ئامادەکارییەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنی زەمینی لە دژی حزبوڵڵا لە نێو خاکی لوبنان دەکەن، ئەمەش شەڕەکە دەباتە قۆناغێکی نوێی مەترسیدارتر.

پێشتر سوپای ئیسرائیل چەندین جار ئامادەیی خۆی بۆ چوونە نێو خاکی لوبنان و کردنە ئامانجی پێگەکانی حزبوڵڵا پیشانداوە. دەشڵێن: ئەزموونێکی زۆر باشیان لە شەڕی مەیدانی لە غەززە و دژی حەماس وەرگرتووە.

سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوەشداوە، پلانێکی تەواو بۆ هێرشی زەمینی بۆ سەر لوبنان داندراوە و سەربازەکان بۆ ئەم ئامانجە ڕاهێنانی پێویستییان پێکراوە.

ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکەش، زامنکردنی ئاسایشی سنوورەکانی ئەو وڵاتەیە لەگەڵ لوبنان و ڕێگریکردنە لە هێرشێکی هاوشێوەی 7ـی ئۆکتۆبەر بۆ سەر ئەو وڵاتە. هاوکات، لەناوبردنی پێگە و بنکەکانی حزبوڵڵایە لە نزیک سنوورەکانی ئیسرائیل بۆ ئەوەی هاووڵاتییانی ناوچەکانی باکوور بتوانن بە سەلامەتی و بەبێ ترس بگەڕێنەوە ماڵەکانیان.

بۆ ئەم مەبەستەش، سوپای ئیسرائیل دوو یەکەی سەربازی بە ناوی ئیتزیۆنی و ئالۆن دروستکردووە و ڕەوانەی سنوورەکانی ئەو وڵاتەی کردوون.

حکوومەتی ئیسرائیل تا ئێستا بە فەرمی نیازی خۆی بۆ ئۆپەراسیۆنی زەمینی بۆ نێو خاکی لوبنان دەرنەبڕیوە، بەڵام ئاژانسی ئیسرائیل هیۆم بڵاوی کردووەتەوە، نەتانیاهۆ و گالانت هەفتەی ڕابردوو رەزامەندییان لەسەر چوونە ناوەوەی هێزەکانی ئیسرائیل بۆ نێو خاکی لوبنان دەربڕیوە.

هاوکات وڵاتان و ئەمەریکا بە دیاریکراوی، چەندین جار هۆشداریان داوە، ئۆپەراسیۆنی زەمینی لە نێو خاکی لوبنان لە بەرژەوەندی ئیسرائیل و ئاسایشی ناوچەکەدا نابێت. کۆشکی سپیش ئاماژەی بەوەداوە، شەڕێکی سەرتاسەری لە دژی ئێران و حزبوڵڵا، هاوکار نابێت بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ نێو ماڵ و حاڵیان لە باکووری ئیسرائیل.

Fly Erbil Advertisment