هەڵمەتێکی پاککردنەوەی زێی دوکان لەلایەن زیاتر لە 200 چالاکوانی ژینگەیی و خۆبەخشانەوە کرا
زیاتر لە 200 چالاکوانی ژینگەیی و کەسانی خۆبەخش، بەشداریان کرد لە پاککردنەوەی زێیی دوکان لە پیسی و پاشماوەی گەشتیاران بە درێژایی چوار کیلۆمەتر. لە هەڵمەتەکە چەندین تۆن قووتو، دەبەی پلاستیک و پاشماوەی فڕێدراوی گەشتیاران کۆکرانەوە و بڕیارە بکرێنە کارێکی هونەری.
گرتنەوە و دابەزاندنی ئاستی ئاوی بەردراوەی بەنداوی دوکانە، بەڵام ئەم جارە بۆ مەبەستێکی جیاوازتر لە ڕابردوو، پاککردنەوەی لە پیسی و پاشماوەی گەشتیاران، لێرە تیمێکی 200 کەسی خۆبەخش، خۆیان بۆ پاککردنەوەی ئەو بەشەی زێی بچوک ئامادە دەکەن کە دەکەوێتە خوار بەنداوەکە.
ئومێد خالید، خۆبەخشە و بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "ویستم ئەو کارە خۆبەخشیە بکەم، لەبەر پیسبوونی ژینگەی شاری سلێمانی بە ماددە پلاستییەکان، کە دەبنە ئەگەری زیاترکردنی نەخۆشییەکانی شێرپەنجە، ئەو ماددانەمان بەشێوازێکی زانستییانە کۆکردەوە.
زۆرینەی جار، پیسی پاشماوە فڕێدراوەکان لە قووتو و پلاستیک پێک هاتوون. دارەوان 12 ساڵە چالاکوانی ژینگەیە، ئەو بەکارهێنانی پلاستیک بە مەترسیەکی گەورە بۆ سەر تەندروستی و ژینگە دەبینێ بۆیە پێشنیاری کردووە گوێنی لەجێی توورەکەی نایلۆن بۆ کۆکردنەوەی پاشماوەکان بەکاربهێنرێت.
جگە لە پاککردنەوەی زێی بچووک ، ڕێکخەرانی هەڵمەتەکە پەیامێکی تریشیان هەیە، کۆکردنەوەی پاشماوە فڕێدراوەکان و دواتر بەکارهێنانەوەیان لەکارێکی هونەریدا.
کەویار محمد، بەرێوبەری پڕۆژەکانی دامەزراوەی ڤیم دەڵێت: ئێمە پلاتفۆرمێکمان هەیە کە چەندین هونەرمەندی سەرکەوتووی کورد و عێراقی بەشدارن، کە دوای تەواوبوونی ئەو هەڵمەتە، پلاستیک و شووشە و زبڵەکان دەبرێنە ئەو دامەزراوەیە و هونەرمەندەکان کاری هونەری هۆشداری ژینگەیی لێ دروس دەکەن و لەسەرشەقامەکان دائەنرێتەوە تاوەکو خەڵک بیانبینن.
لەماوەی مانگێگدا ئەوە دووەم هەڵمەتی پاککردنەوەی دەریاچەکە و زێی دوکانە بەڕێوە دەچێ، لە هەڵمەتی ئەم جارەی زێی بچووک بە درێژایی چوار کیلۆمەتر، خۆبەخشە بەشداربوەکان دەیان تۆن قووتو و دەبە و پلاستیکی فڕێدراوی گەشتیارانیان کۆکردەوە.