ئێران داوا لە هاووڵاتیان دەکات کەمتر گاز بەکار بهێنن بۆ ئەوەی کورتهێنانی کارەبا ڕوونەدات

کۆمپانیای کارگێڕیی بەرهەمهێنان و دابەشکردنی کارەبای ئێران ڕایگەیاند، بەشی هەرە زۆری کارەبای وڵاتەکە بە سووتەمەنیی گاز بەرهەم دێت، ئەگەر هاووڵاتییان دەست بە بەکارهێنانی گازەوە نەگرن لە وەرزی زستاندا کورتهێنانی گاز دەبێتە هۆی کورتهێنان و پچڕانی کارەبا، ئەمەش لە کاتێکدایە تەنیا ٢٥%ـی گاز و ٣٠%ـی کارەبای ئەو وڵاتە لەناو ماڵاندا بەکار دەهێنرێت.

هاوینی ڕابردوو کورتهێنانی کارەبای ئێران گەیشتە 20 هەزار مێگاوات و چاوەڕوان دەکرێت کورتهێنانی ڕۆژانەی گازیش لە وەرزی زستاندا بگاتە لانی کەم 250 ملیۆن مەتری سێجا، بۆیە کۆمپانیای کارگێڕیی بەرهەمهێنان و دابەشکردنی کارەبا سەر بە وەزارەتی کارەبای ئێران، داوا لە هاووڵاتییان دەکات، دەست بە بەکارهێنانی گازەوە بگرن، با کارەبای ماڵەکانتان نەکوژێتەوە.

لە ئەگەری کورتهێنانی گازدا دەبێ چالاکیی وێستگەکانی کارەبا ڕابگیرێت، ئەمەش لە کاتێکدایە لە وەرزی زستاندا بەکارهێنانی گاز لە ماڵان و شوێنە بازرگانییەکان و پیشەسازییە بچووکەکاندا سێ هێندەی وەرزی هاوینە و ڕۆژانە دەگاتە 550 ملیۆن مەتری سێجا، کە هاوتایە لەگەڵ ٧٠%ـی سەرجەم گازی بەرهەمهێنراوی ئێران لە وەرزی زستاندا.

هاوکات وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا و پیشەسازییە گەورەکان ڕۆژانە پێویستیان بە 450 ملیۆن مەتری سێجا گاز هەیە، بەڵام بەهۆی کورتهێنانەوە لە وەرزی زستاندا تەنیا نیوەی ئەو گازە وەردەگرن.

هۆکارە سەرەکییەکانی کورتهێنانی گازی ئێران بریتییە لە پەرەپێنەدانی کێڵگەی نوێی گاز، بەفیڕۆدانی زۆری گاز لە قۆناغی بەرهەمهێنان، گواستنەوە و دابەشکردن، هەروەها دابەزینی پەستانی کێڵگەی گازی پارسی باشوور.

بەپێی ئامارە فەرمی و نێودەوڵەتییەکان، گەشەی ساڵانەی بەرهەمهێنانی گازی ئێران لە سێ ساڵی ڕابردوودا تەنیا 2%ـی تۆمار کراوە، لە کاتێکدا لە 30 ساڵی پێشوودا بەرهەمهێنانی ساڵانەی گازی ئێران سێ هێندەی ئەم ڕێژەیە بووە.

بەپێی ڕاگەیاندراوەکەی کۆمپانیای کارگێڕیی بەرهەمهێنان و دابەشکردنی کارەبای ئێران دەبێ خەڵکی وڵاتەکە لە پێداویستیی خۆیان بگرنەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە تەنیا 25%ـی گاز و 30%ـی کارەبای وڵاتەکە لەناو ماڵاندا بەکار دەهێنرێت.