لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان له‌ جه‌ژندا په‌یام ده‌نێرن و خه‌ڵكیش داوای چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان ده‌كات

K24 - هه‌ولێر:

لە جەژنی قورباندا، لایەنە سیاسیەكانی باشووری كوردستان پەیامی پیرۆزبایی خۆیان بڵاوكردەوە، لە پەیامەكانیشیاندا داوای چارەسەركردنی دۆخی سیاسی ھەرێمی كوردستانیان كرد.

لەكاتێكدا دەمێكە خەڵك داوای كۆبوونەوەیان لێدەكەن و كەچی تا ئێستا كۆنەبوونەتەوە، ئێستاش ھاوڵاتیان دەڵێن لە جیاتی ئومێدخواستن بۆ چارەسەكردنی كێشەكان، ھەوڵدەن لەگەڵ یەكتری كۆببنەوە.

جەژنە! بەڵام كاتێك سەرنجی روخساری ھاونیشتمانیان دەدەی ھەستناكەی ئەوان لە رۆژەكانی جەژندان. ماندوو و بێزار، نائومێد و بەشێكیشیان گیرفان بەتاڵ.. پەیامە سیاسیەكانی لایەنەكانیش بۆ جەژن تا ئەوكاتەی ھەر قسە بێت ئەوان دڵخۆش ناكات.

ئەم ھونەرمەندە كە ساڵانی حەفتاكانی سەدەی رابردوو لە ڕێی شانۆوە داوای ئازادی گەلەكەی دەكرد، ئێستا داوا لە لایەنە سیاسیەكان دەكات واز لە پەیام بێنن و بۆ چارەسەكردنی گرفتەكان بەیەكەوە كۆببنەوە.

لەگەڵ ھاتنی جەژنی قوربان، لایەنە سیاسیەكانی باشووری كوردستان پەیامی پیرۆزبایی خۆیان ئاراستەی خەڵك كرد، لە پەیامەكانیشیاندا ئومێدیان كرد ئەم جەژنە ببێتە ھۆی چارەسەركردنی گرفتەكان و باشتركردنی  دۆخی سیاسی و ئابووری ھەرێمی كوردستان, بەلام ھاوڵاتیان بە لایەنە سیاسیەكان دەڵێن بڵاوكردنەوەی پەیام ھیچ شتێك لە دۆخەكە ناگۆڕێت. چارەسەكردنیشی گرفتەكانیش لای خۆتانە...

جەژنە پیرۆزەی خەڵكی كوردستان لەیەكدی لە كاتێكدایە، دۆخی سیاسی نێوان لایەنەكان لە ئاستێكی خراپدایە، بەھۆی دواكەوتنی مووچەش، بە ھەزاران خانەوادە بێ وەرگرتنی مووچەكانیان جەژنیان كردەوە، بەشێكیان تەنانەت نەیانتوانی پێداویستی جەژنانە بۆ منداڵەكانیشیان دابین بكه‌ن.