ته‌رمی سێ شه‌ڕڤانی ئه‌مه‌ریكى گه‌ڕێندرانه‌وه‌ وڵات

به‌شدارییان له‌ كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی منبج-دا كردبوو

K24 - هه‌ولێر:

سێ شەڕڤانی ئەمریكی كە لە ریزەكانی یەكینەكانی پاراستنی گەل "یەپەگە" لە رۆژئاوای كوردستان دژی داعش شەڕیانكردبوو و ھەرلەوێش كوژرابوون، ئەمڕۆ تەرمەكانیان گەیشتەوە ئەمریكا.

بەگوێرەی میدیاكانی ئەمریكا، تەرمی ھەر سێ شەڕڤانی ئەمریكی بە ناوەكانی لیڤی شێرلی تەمەن 24 ساڵ، جۆردان تاگێرتی تەمەن 22 ساڵ و ولیەم ساڤێجی تەمەن 27 ساڵ، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ھەینی گەیشتەوە فڕۆكەخانەی شاری شیكاگۆی ئەمریكا.

كەسوكاری شەڕڤانە ئەمریكییەكان رایانگەیاندووە بەرپرسانی یەپەگە پێیانڕاگەیاندوون كە ھەرسێ شەڕڤانەكە لە مانگی ئابی رابردوو لە شەڕی كۆنتڕۆڵكردنەوەی شارۆچكەی منبج كوژراون.

بەگوێرەی زانیارییەكان تەرمی ئەو سێ شەڕڤانە لە توركیاوە رەوانەی ئەمریكا نەكراونەتەوە، ئەمەش بەھۆی ئەوەی توركیا یەپەگە بە گر,پێكی تیرۆرستی تەماشا دەكات، تەرمەكان لە هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ رەوانەی ئوردن كراوە و لەوێشەوە بۆ ئەمریكا.