سەرۆكی ئەمریكا باسی رۆڵی پێشمەرگە دەكات

عەبادی و ئۆباما كۆبوونەوە

K24 – هەولێر:

باراك ئۆباما سەرۆكی ئەمریكا و حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە نیویۆرك كۆبوونەوە و تەوەری سەرەكی كۆبوونەوەكە پرۆسەی كۆنترۆڵكردنەوەی موسڵ و قۆناغی پاش رزگاركردنی ئەو شارە بوو لە دەست چەكدارانی داعش.

سەرۆكی ئەمریكا ئاماژەی بەوە كردووە كە پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقی هاوكاری یەكتربن لە قۆناغی پاش ئازادكردنی موسڵ و داوای لە كۆنگرێسی وڵاتەكەی و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی كرد هاوكاری عێراق بكەن.

سەرۆكی ئەمریكا لە قسەكانیدا بە بایەخەوە باسی لە رۆڵی پێشمەرگە كرد و سوپاسی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستانی كرد لە رووبەرووبوونەوەی چەكدارانی داعشدا و رایگەیاند"هەمووان بە باشی لێكتێگەیشتنمان هەیە و سورین لەسەر دەركردنی داعش.

لە كۆبوونەوەكە سەرۆك وەزیرانی عێراق هیوای خواست لە چەند مانگی داهاتوودا داعش لە شاری موسڵ دەربكرێت و داوایكرد هەمووان هاوكاربن لەو بوارەدا.

بەگوێرەی زانیارییەكانی پەیامنێری كوردستان 24 لە نیویۆرك،حەیدەر عەبادی لە قسەكانیدا باسی پێشمەرگەی نەكردووە.

لەو دیدارەدا فوئاد حسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان ئامادە بووە و ژمارەیەك لە بەرپرسانی هەر دوو وڵاتیش بەشداری كۆبوونەوەكەیان كردووە.