ئه‌مريكا 500 سه‌رباز ره‌وانه‌ى عێراق ده‌كات

بڕیاری رەوانەكردنی 500 سەربازی دیكەی ئەمریكی بۆعێراق پەسەند بكات

K24 – هه‌ولێر:

وەزارەتی بەرگری ئەمریكا داواى لە باراك ئۆبامای سەرۆكی ئەمریكا كردووە، بڕیاری رەوانەكردنی 500 سەربازی دیكەی ئەمریكی بۆعێراق پەسەند بكات، تاوەكو رۆڵیان ھەبێت لە ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی موسڵ.

بەگوێرەی میدیاكانی ئەمریكا، واشنتن دەیەوێت رۆڵی خۆی چڕتر بكاتەوە لە شەڕی موسڵ و بۆ ئەو مەبەستەش وەزارەتی بەرگری داوای زیادكردنی ژمارەی سەربازانی لە عێراق پێشكەش بە كۆشكی سپی كردووە.

ئەگەر ئۆباما ئەو داوایەی پێنتاگۆن پەسەند بكات، ئەوا ژمارەی سەربازانی ئەمریكی لە عێراق لە 4 هه‌زار و 400 سەربازەوە بۆ 4 هه‌زار و 900 سەرباز زیاد دەكەن، ئەمەش بێجگە لە هه‌زار و 500 سەربازی دیكەش پاسەوانی تایبەتی باڵیۆزخانەی ئەمریكان لە بەغدا.

ھەروەھا پێنتاگۆن ئاشكرای كردووە كە رۆڵی سەربازە نوێییەكان لە عێراق، مەشق و راھێنان و راوێژكاری دەبێت بۆ سوپای عێراقی و ھێزی پێشمەرگە.

میدیاكانی ئەمریكا ئەوەشی ئاشكرا كردووە كە ئەگەر ئەو سەربازە نوێیانە رەوانەی عێراق بكرێن، دەنێردرێنە شارۆچكەی گەیارە لەنزیك شاری موسڵ كە مانگی رابردوو لەدەست داعش پاككرایەوە.