ئەردۆغان كاتی دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی مووسڵ ئاشكرا دەكات
K24 - ھەولێر
بەگوێرەی میدیا تورکییەکان، رەجە تەیب ئەردوغان، سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند کە وڵاتەکەی دەیەوێت شان بە شانی ھێزی ھاوپەیمانانی نێودەوڵەتی رۆڵی ھەبێت لە شەڕی مووسڵ و ئاشکراشی دەکات کە ئەو ئۆپەراسیۆنە 19مانگی داھاتوو دەست پێدەکات.
ھەروەھا سەرۆک کۆماری تورکیا ئەوەشی ئاشکرا کرد کە گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانی ھاوپەیمان دەکەن تاوەکو بزانن چی روودەدات پێش وادەی دەستپێکردنی شەڕی مووسڵ، ئینجا بڕیاری یەکلاکەرەوەی خۆیان دەدەن کە بەشداربن لەو شەڕە یان نا.
ئەم لێدوانەی ئەردوغان لەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ جۆ بایدنی جێگری سەرۆکی ئەمریکا دێت کە ئەردۆغان پێیڕاگەیاندبوو تورکیا ئامادەیە بەشداری شەڕی رەقەش بکات، بەڵام بەمەرجێک یەکینەکانی پاراستنی گەل "یەپەگە" بەشداری لەو شەڕەدا نەکات.