ئه‌گه‌ر بارسێلۆنا یاری به‌ سوارێز بكات سزا ده‌درێت

ئه‌گه‌ر به‌رامبه‌ر مانچێسته‌ر سیتی به‌شداریی پێ بكات ده‌بێت 800 هه‌زار یۆرۆ بدات

یانه‌ی بارسێلۆنای له‌م هه‌فته‌یه‌دا له‌ چامپیۆنز لیگ رووبه‌ڕووی مانچێسته‌ر سیتی ده‌بێته‌وه‌، له‌ ئه‌گه‌ری به‌شداریكردنیشی به‌ دینیس سوارێز، ئه‌وان ده‌بێت یانه‌ كه‌ته‌لۆنیاییه‌كه‌ 800 هه‌زار یۆرۆ به‌ مانچێسته‌ر سیتی بدات.

دینیس سوارێز له‌ گواستنه‌وه‌ی هاوینه‌ی ئه‌مساڵ له‌ یانه‌ی ڤیاریاله‌وه‌ بۆ بارسێلۆنا گواسترایه‌وه‌، له‌ كاتی گرێبه‌سته‌كه‌دا ناوی مانچێسته‌ر سیتی هاتووه‌ كه‌ پێشتر ئه‌و یاریزانه‌ له‌ نێوان ساڵانی 2011 ـ 2013 له‌ تیپی لاوانی یانه‌ی مانچێسته‌ر سیتی یاری كردووه‌.

له‌ بڕگه‌یه‌كی گرێبه‌سته‌كه‌دا هاتووه‌ ئه‌گه‌ر دینیس سوارێز 10 یاری بۆ بارسێلۆنا ئه‌نجام بدات، ده‌بێت 800 هه‌زار یۆرۆ به‌ مانچێسته‌ر سیتی بدات، له‌ ئێستادا سوارێز 9 یاری له‌سه‌رجه‌م پاڵه‌وانییه‌تییه‌كان بۆ بارسێلۆنا كردووه‌، ئه‌گه‌ر رۆژی چوارشه‌ممه‌ی دادێ له‌ به‌رامبه‌ر مانچێسته‌ر سیتی یاری بكات، ژماره‌ی یارییه‌كانی ده‌بێته‌ 10، به‌مه‌ش یانه‌ ئینگلاندییه‌كه‌ سوودمه‌ند ده‌بێت.

له‌ بڕگه‌یه‌كی دیكه‌ی گرێبه‌سته‌كه‌دا هاتووه‌، ئه‌گه‌ر سوارێز 100 یاری له‌گه‌ڵ بارسێلۆنا بكات، ئه‌وا بارسێلۆنا ده‌بێت 8 ملیۆن یۆرۆ به‌ مانچێسته‌ر سیتی بدات.

دینیس سوارێزی ته‌مه‌ن 22 ساڵ، یاریزانی هه‌ڵبژارده‌ی ئیسپانیاشه‌، پێشتر له‌ تیپی تازه‌پێگه‌یشتووانی مانچێسته‌ر سیتی ده‌ستی به‌ یاریكردن كردووه‌، دواتر له‌ هاوینی 2013 هاته‌ ریزه‌كانی بارسێلۆنا، پاشان به‌شێوه‌ی خواستن ڕووی كرده‌ سێڤییا، وه‌رزی رابردووش یاری بۆ ڤیاریال كرد، پاشان بارسێلۆنا ئه‌م یاریزانه‌ كڕییه‌وه‌.