مالیکی: حەشدی شەعبی دەچێتە سووریا
سەرۆك وەزیرانی عێراق چەندین جار رایگەیاندووە رێگە نادەن حەشدی شەعبی دەستوەردان لە كاروباری وڵاتان بكات

K24 - ھەولێر
سەرۆکی حزبی دەعوەی ئیسلامی عێراق رایگەیاند رەنگە حەشدی شەعبی بچێتە سووریا.
نووری مالکی، سەرۆکی حزبی دەعوە و جێگری سەرۆک کۆماری عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە تاران روونیکردەوە، دوای کۆنتڕۆڵکردنی مووسڵ و تەواوی خاکی عێراق، حەشدی شەعبی دەچێتە سووریا بۆ یارمەتیدانی حکوومەتی ئەو وڵاتە.
ئەمە لە کاتێکدایە، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق چەندین جار دووپاتیکردوەتەوە، بەهیچ شێوە رێگە نادات حەشدی شەعبی دەستوەردان لە کاروباری نێوخۆی هیچ وڵاتێک بدات.
لە دوایین لێدوانیشیدا لەبارەی بەشداریكردنی ھێزە عێراقییەكان لە شەڕی سووریا ئیبراھیم جەعفەری وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاندووە، سیاسەتی حكوومەتی عێراق ئەوەیە كە دەسوەردان لەبارودۆخی سووریا نەكات، بەڵام ناتوانین رێگری لەو كەسانە بكەین كە وەك تاك دەڕۆن بەشداری لە شەڕەكە دەكەن.