بریتانیا لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە بۆ شەڕی عێراق دادەخات
لیكۆڵینەوە لەسەر زیاتر لە 1700 تۆمەت كردووە لە بارەی مامەڵەی خراپ و كوشتنی نایاسایی ھاووڵاتیانی عێراقی لە لایەن سەربازانی بریتانی

K24 - ھەولێر
حكومەتی بریتانیا ئەو لیژنەیە دادەخات كە بۆ لیكۆڵینەوە لە ئەشكەنجە و كوشتنی نایاسایی ھاووڵاتیانی عێراقی لە لایەن سەربازانی بریتانیا پێكھێنابوو، پاش ئەوەی دامەزراوەیەكی یاسایی ئاشكرای كرد قوربانیان بەڵگەی ساختەیان پێشكەش كردووە.
وەزیری بەرگری بریتانیا مایكل فالۆن لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند "ئەوە ئارامییەك بە سەدان سەربازی بریتانی دەبەخشێت كە بە شێوەیەكی نادادپەروەرانە تۆمەتبار كرابوون".
ھەر لەمبارەوە گوتی "رێوشوێنی نوێ دەگرینە بەر بۆ گرەنتی كردنی بە دووبارە نەبوونەوە ئەم رووداوانە و دابینكردنی ئاسایشێكی شایستە بۆ پێشیگرتن بە خراپ بەكارھێنان و تۆمەتی بێ بنەما دژی سەربازە ئازاكانمان لە ژن و پیاو".
تیمی تۆمەتەكانی عێراق لە ساڵی 2010 دامەزرا، كە لێكۆڵینەوەیەكی سەربەخۆی سەربازی بوو و لیكۆڵینەوە لەسەر زیاتر لە 1700 تۆمەت كردووە لە بارەی مامەڵەی خراپ و كوشتنی نایاسایی ھاووڵاتیانی عێراقی لە لایەن سەربازانی بریتانی لە شەڕی عێراق لە ساڵی 2003 و ساڵانی دواتر.
ئەو پرۆسەیە ھیچ ئەنجامێك بۆ مەحكومكردنی سەربازانی بریتانی بەدەست نەھێنا.
ئەو تیمە لە مانگی كانوونی یەكەمی 2016 پێشبینی كردبوو تا ناوەڕاستی 2017 لەسەر نزیكەی 60 دۆسیە كار دەكات و تا كۆتایی 2019 لێكۆڵینەوەكانی كۆتایی دێت.
بریتانیا لە ساڵی 2003 لە چوارچێوەی ھاوپەیمانی بە سەرۆكایەتی ئەمریكا بەشداری شەڕی عێراقی كرد و پاش نزیكەی سێ ساڵ سەربازەكانی كشاندەوە.
پاش كشانەوەشی مامەڵەی خراپی سەربازەكانی لەگەڵ ھاووڵاتیانی عێراقی بووە بابەتی سەرەكی رۆژەڤی بریتانیا و بۆ چارەسەركردنی ئەو پرسەش تیمی تۆمەتەكانی مێژوویی عێراقی پێكھێنا.
بڕیارە ئەمرۆ شەممە 11 شوباتی 2017، وەزیری بەرگری بەریتانیا بگاتە ھەولێر و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ھەرێمی کوردستان کۆببێتەوە.
کوردستان24 زانیوویەتی کە مژاری سەرەکی سەردانەکەی وەزیری بەرگری بەریتانیا، شەڕی دژی داعش و ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی شاری مووسڵ دەبێت.
مایکڵ فاڵۆن پێشتر لە ساڵانی 2014 و 2016 سەردانی ھەولێری کردبوو.
JS