ھێرشكارەكەی ئیستانبوڵ داوای لە سێدارەی دەكات

لە پێناو مردن ھێرشی كردە سەر ئاھەنگی سەری ساڵ، بەڵام بەم ھۆیەوە بە زیندوویی مایەوە و نەكوژرا

K24 - ھەولێر

ھێرشكارەكەی سەری ساڵی نوێی ئیستانبول كە 39 كەسی كوشت و ژمارەیەكی زیاتریش بریندار كرد داوا دەكات لە سێدارەی بدەن.

میدیاكانی توركیا بڵاویان كردەوە عەبدولقادر مەشاریپۆڤ پێش ئەوەی لە دادگا بڕیاری گرتنی بدرێت و بۆ زیندانی سیلیڤری ئیستانبول رەوانە بكرێت، بە دادوەری ئێشكگری گوت "پاش تەواوبوونی فیشەكەكانم، ئەو فلاشبەنگەی وامزانی نارنجۆكە و بە دەموچاوم گرت بۆ ئەوەی خۆم بكوژم، بەڵام نەمردم، بۆ مردن چووبوومە رێینا (نادی شەوانە)، بەڵام زیندوو مامەوە، ئەگەر حوكمی سێدارەدانم بۆ دەربكەن زۆر باش دەبێت".

ھەر لە بەردەوامی قسەكانی، مەشاریپۆڤ دەڵێت "ئامانجم كوشتنی كریستیانییەكان بوو. ئەبو جیھاد لە سوریا داوای كرد لە گۆڕەپانی تەقسیم چالاكی ئەنجام بدەم، بە منی گوت كریستیانییەكان زۆربەیان لە شوێنێكی تەقسیم كۆ دەبنەوە و جەژن دەگرن. لە ئەفغانستان فێری بەكارھێنانی چەك بووم".

لە بارەی چۆنییەتی ئەنجامدانی ھێرشەكە ئاماژە بەوە دەدات "ھەر ئەو رۆژ كاتژمێر 21:00 بۆ دۆزینەوە سەردانی شوێنەكەم كرد، ھیچ پۆلیسێك لەوێ نەبوو، بو گەڕەكی زەیتونبورو گەڕامەوە و چەكەكەم ھەڵگرت و دووبارە چوومە رەینا، دمەویست بچمە ژوورەوە، پۆلیسێك منی دیت و تەقەی كرد. منیش تەقەم لێكرد و چوومە ژوورەوە و بە ھەڕەمەكی تەقەم لە خەڵك كرد، ئەگەر پێشتر بمزانیبوایە پۆلیس لەوێیە، ھێرشەكە بە شێوازێكی دیكە دەبوو".

دانپێدانی ھێرشكارەكەی ئیستانبول بە پێچەوانەی دانپێدانی پێشوویە كە پێشتر گوتبووی  نییەتی ئەوەی ھەبوو پاش ھێرشەكە بۆ سوریا را بكات و بۆ ئەم مەبەستەش كوڕەكەی خۆی لە شوێنێك دانابوو بۆ ئەوەی لەگەڵ خۆی ببات، بەڵام كوڕەكەی بۆ نەدۆزرایەوە، ھەربۆیە پلانەكەی سەری نەگرت و تا ئێستاش كوڕەكەی بێ سەروشوێنە.

ھێرشكارەكەی سەری ساڵی 2017 ئێستانبوڵ لەكاتی ئەنجامدانی ھێرشەكەی
ھێرشكارەكەی سەری ساڵی 2017 ئێستانبوڵ لەكاتی ئەنجامدانی ھێرشەكەی

له‌ یه‌كه‌م كاتژمێره‌كانی سه‌ری ساڵی نوێی 2017، عەبدولقادر مەشاریپۆڤ به‌ چه‌كی كلاشینكۆف هێرشی كرده‌ سه‌ر به‌شدارانی ئاهه‌نگی سه‌ری ساڵ له‌ نادی شه‌وانهی رێینا‌ له‌ ئیستانبول، به‌هۆیه‌وه‌ 39 كه‌س كوژران و نزیكه‌ی 70 دیكه‌شی بریندار بوون، 24 له‌ كوژراوه‌كانی هاووڵاتانی وڵاتانی عه‌ربین و سێ له‌وانیش خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستانن.

ھێرشكارەكە دوای دوو ھەفتە لە لایەن ھێزە ئەمنییەكانی توركیا لە ئیستانبول دەستگیر كرا و خەڵكی ھەرێمی ئیغوری چین (توركستانی رۆژھەڵات)  و ئەندامی بزووتنەوەی ئیسلامی ئۆزبەكستانە و ئەركیشی بڵاوكردنەوە ڤیدیۆی شەڕ و توندتیژی ئەم بزووتنەوە لە ماڵپەرە كۆمەڵایەتییەكاندا بووە. ھەر لەناو ئەم بزووتنەوەیە مەشقی سەربازی بینیوە.

میدیاكانی توركیا رۆژی 5 شوباتی 2017 بڵاویان كردەوە ھاوژینی ھێرشكارەكەی ئیستانبول، زارینا نوروڵایێڤ لێدوانی مێردەكەی لە دادگا رەتدەكاتەوە و دەڵێت لە پاكستان بەیعەتی بە داعشدا و بە نییەتی چوون بۆ ناو ئەم رێكخراوە بڕیاریدا بچینە سوریا.

لە كاتێكدا عەبدولقادر مەشاریپۆڤ بە پۆلیسی توركیەی گوتبووی لە ئێران داعشی ناسیوە.

نوروڵایێڤ كە لەگەڵ 10 كەسی دیكە بڕیاری گرتنی درا و لە دانیشتنێكی دادگا دانپیدانەكانی مێردەكەی، عەبدولقادر مەشاریپۆڤ رەتكردەوە و داواشی لە دەوڵەتی توركیای كرد كوڕەكەی بۆ بدۆزنەوە، كە لە رۆژی ھێرشەكەی سەری ساڵی نوێی ئیستانبول بێ سەروشوێن بووە و پێداگریشی لەسەر بێ تاوان بوونی خۆی كرد.

JS