رۆژنامه‌یه‌ك نهێنى نوێ له باره‌ی بكوژی باڵیۆزه‌كه‌ی رووسیا ئاشكرا ده‌كات
K24 - هه‌ولێر:
رۆژنامه‌ی "میللیه‌ت"ی توركی، چه‌ند نهێنییه‌كی نوێی بكوژی ئاندرێ كارلۆڤ, باڵیۆزی رووسیا له توركیا ئاشكرا ده‌كات و رایگه‌یاندووه، بكوژه‌كه نیازی هێرشكردنه سه‌ر باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكاشی هه‌بووه.
رۆژنامه‌كه، له زاری سه‌رچاوه‌یه‌ك له لێكۆڵه‌ران, له دۆسیه‌ی مه‌ولود میرت ته‌نتاش، بكوژی باڵیۆزی رووسیا له توركیا، بڵاویكردووه‌ته‌وه، بكوژه‌كه پێشتر له ئینته‌رنێت زانیاری له‌سه‌ر جۆن باس، باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكاش كۆكردووه‌ته‌وه و ته‌نها پلانی كوشتنی باڵیۆزی رووسیای نه‌بووه، به‌ڵكو ویستوویه‌تی باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكاش تیرۆر بكات.
به گوێره‌ی رۆژنامه‌كه، بكوژه‌كه، له ئینته‌رنێت به دوای زانیاری و چالاكییه كولتوورییه‌كانی هه‌ردوو باڵیۆزخانه‌ی رووسیا و ئه‌مه‌ریكا گه‌ڕاوه و زانیارییه‌كانی كۆكردووه‌ته‌وه.
لێكۆڵه‌رانی دۆسیه‌ی له ئێستادا په‌نایان بردووه‌ته پۆلیسی فیدرالی ئه‌مه‌ریكا، بۆ ئه‌وه‌ی مۆبایله‌كه‌ی مه‌ولود ته‌نتاش بگه‌ڕێن و ته‌واوی زانیارییه‌كانی لێوه‌ربگرن، پێشتریش داوایان له كۆمپانیای گووگڵ كردووه بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت ئیمه‌یڵه ره‌شكراوه‌كانی ناو مۆبایلی مه‌ولود جارێكی دیكه بهێننه‌وه، به‌ڵام گووگڵ پێی راگه‌یاندنوون، ئیمه‌یڵه ره‌شكراوه‌كان، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ناگه‌ڕێندرێنه‌وه.
ئاندرێ كارلۆڤ، باڵیۆزی رووسیا له توركیا، رۆژی 19ی كانوونی یه‌كه‌م/ دیسه‌مبه‌ری 2016، له كاتی كردنه‌وه‌ی پێشانگایه‌كی فۆتۆگرافی له ئه‌نقه‌ره‌ی پایته‌خت، به به‌رچاوی كامێرای ده‌زگاكانی راگه‌یاندنه‌وه، له‌لایه‌ن مه‌ولود میرت ته‌نتاشه‌وه ته‌قه‌ی لێكرا و كوژرا، دواتریش بكوژه‌كه له‌لایه‌ن پۆلیسی توركیا له هه‌مان شوێن، له پێكدادانێكی چه‌كداریدا، كوژرا.