ژنە سەڵتەكان چۆن دەژین

ئەزمونی ژیانی وێنەگرێكی ژن

K24 - ھەولێر

ئایدالیا كەندلاس ئەو كاتەی پاش 15 ساڵ ئەزموونی كار لە كۆمپانیایەك كارەكەی بەجێھشت، تەمەنی لە 40 ساڵ زیاتر بوو، بڕیاریدا بە دوای "گەورەترین خەونی" ژیانی خۆی بگەڕێت و ببێتە نیگاركێش.

لە سەرەتادا دەستی بە كێشانی وێنەی ژنانی ناو ماڵ كرد و لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكردەوە، تا ئەوەی رۆژێك وێنەی كچێكی بڵاوكردەوە، كە بە جلی ژێرەوە لە چێشتخانەكەی سەرقاڵی قاوە خواردن بوو. رۆژی دواتر وێنەیەكی دیكەی بڵاوكردەوە كە ژنیكی گەنج لەسەر قەنەفەیەك خۆی درێژ كردووە و كتێبێك دەخوێنێتەوە.

خاڵی ھاوبەشی ئەم دوو وێنەیە، لە سەربەخۆیی كەسایەتییەكانیاندا بوو. لە ھەردوو وێنەكە ژنانی گەنج بە دڵی خۆیان دەژیان و لە ژیانی سەڵت و تەنیایی چێژیان وەردەگرت.

ئەم نیگاركێشەی مەكسیكی بە بی بی سی رایگەیاند ھۆكاری سەربەخۆیی ئەم ژنانە بۆ ئەوە دەگەرێنێتەوە كە پێشتر رەزامەندیی كچان لە ژیانی سەڵت بە ئاشكرا تاوتوێ نەكرابوو.

ئایدالیا كەندلاس وێنەكانی لە كتێبێك بە ناوی "تەنیایی"  بە 12 ھەزار دانە لە مەكسیك و ئێسپانیا بڵاوكردەوە و ھەوڵی چاپكردنی كتێبیكی دیكە لە ئەڵمانیا دەدات.

بەڵام كەسە نزیكەكانی، سەركەوتنەكانی بە باشی نابینن.

لەمبارەوە دەڵێت كاتێ كە بە ئەندامێكی خێزانەكەم گوت بەم زووانە كتێبەكەم لە ئەڵمانیا چاپ دەكرێت، ئەو پێی گوتم باشتر وایە بە دوای مێردێك بگەڕێم بۆ ئەوەی بەختەوەر بم".

كتێبە نوێیەكەی نیگاركیشی مەكسیكی "ئارەزووی سێكسی لە روانینی ژن" دەخاتەڕوو.

لە یەكەم كتێبیدا، وێنەی ژنانی نیوەڕووتی بڵاوكردەوە، بێ ئەوەی ئارەزووی سێكسییان بەدەركەوێت. واتە ئەگەر جلەكانیان دەرھێناوە، بۆ ئەوەیە دوای رۆژێكی درێژی كاركردن، جلەكانیان دەربێنن و بە ئاسوودەیی لەسەر تەختەكانیان درێژ بكەون.

دەشڵێت زۆر كەس پەیام بۆم دەنێرن و پێم دەڵێن بە ھۆی "شێوازی ژیانی خۆیان" رەخنەیان لێ دەگیرا، بەڵام بە بڵاوبوونەوەی وێنەكانم دەزانن تەنیا نین و لە ھەڵبژاردنی شێوازی ژیانیان ھەڵە نەكردووە.

ئەم نیگاركێشە لە بەردەوامی قسەكانی دەڵێت "بەپێی چاوڕوانییەكانی نەریتی، بوونی ژن بۆ ئەوەیە شوو بكات و منداڵی ببێت و وەك ھاژین و دایك كاتی خۆی بۆ خێزانەكەی تەرخان بكات".

بەڵام گروپێكی تر لە ژنان، ھەر وەك لە وێنەكانی كەندلاس دیارە، وا بیر ناكەنەوە.

سەرچاوە: BBC

JS