شێخێكی عێراقى داواى له‌و په‌رله‌مانتاره ئۆكرانییه كردووه هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵدا بكات
بڕی 300 هه‌زار دۆلاری وه‌ك ماره‌یی پێداوه
K24 - هه‌ولێر:
ناديا سافچینكۆ، له ساڵانی 2004-2005، له ریزی سوپای ئاشتیپارێزی سه‌ر به نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ره‌وانه‌ی عێراق كراوه، له‌و ماوه‌یه‌ی كه ماوه‌ته‌وه، سه‌رۆك هۆزێكی عێراقی داوای لێكردووه هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵدا بكات.
نادیا ئێستا ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی باڵا(په‌رله‌مان)ی ئۆكرانیایه، رایگه‌یاند، له‌و كاته‌ی وه‌ك سه‌رباز له عێراق بووه، سه‌رۆك هۆزێكی عێراقی، بڕی 300 هه‌زاری دۆلاری پێداوه، بۆ ئه‌وه‌ی رازی بێت هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵدا بكات.
نادیا یه‌كه‌م كچه سه‌ربازی ئۆكرانی بووه، كه توانیویه‌تی ببێته كاپتنی فڕۆكه‌ی جه‌نگی سو 24 و هه‌لیكپۆته‌ری جۆری ئێم ئای 18ی رووسی و له ماوه‌ی ساڵانی 2004 بۆ 2005، له ریزی هێزێكی ئاشتیپارێزی سه‌ر به نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، له عێراق خزمه‌تی سه‌ربازی كردووه.

ئه‌و ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌ی ئۆكرانیا، پێشتر له‌لایه‌ن هێزێكی چه‌كداری نزیك له رووسیا رفێندرابوو، دواتر به بڕیاری ڤلادیمێر پوتن ئازاد كرا، بۆ كه‌ناڵی 112ی ئۆكرانی رایگه‌یاندووه، سه‌ره‌تا وایزانیوه بۆ گاڵته و پێكه‌نین داوایه‌كی له‌و جۆره‌ی لێكراوه، به‌ڵام دواتر بۆی ده‌ركه‌وتووه، كه جۆره داوایه بۆ هاوسه‌رگیری له‌لای عێراقییه‌كان ئاساییه.
نادیا دووپاتیده‌كاته‌وه، كه ئه‌و بڕه پاره‌یه‌ی ئه‌و كات بۆ ماره‌ییه‌كه‌ی پێشكه‌شی كرابوو، زۆر زۆر بووه، به‌و پێیه‌ی ئه‌وكات ماره‌یی ته‌نها 2 هه‌زار و 5 سه‌ند دۆلار بووه.
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "هه‌وڵیدا وه‌ك كاڵایه‌ك بمكڕێت من به هیچ شێوه‌یه‌ك به‌و جۆره هاوسه‌رگیرییه رازی نه‌بووم، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ش روویدابا، پاره‌كه‌ی هیچی بۆ من نه‌ده‌بوو، چونكه له رێگه‌ی فه‌رمانده سه‌ربازییه‌كه‌مه‌وه داوای منی كردبوو، بۆیه پاره‌كه‌ش ده‌چووه گیرفانی فه‌رمانده سه‌ربازییه‌كه‌وه".