ریفراندۆمەكەی دەستووری توركیا لە مانگی نیسان ئەنجام دەدرێت

ئەردوغان یاسای ھەمواركردنەوەی دەستووری واژۆ كرد و بۆ حكومەتی نارد

- ھەولێر

سەرۆك كۆماری توركیا رەجەب تەیب ئەردوغان یاسای ھەمواركردنەوەی دەستووری وڵاتەكەی واژۆ كرد و بۆ حكومەتی نارد.

پرۆژەی ھەمواركردنەوەی دەستوور بە ھاوبەشی ھەر یەك لە پارتی دەسەڵاتداری توركیا داد و گەشەپێدان ـ ئاكپارتی و پارتی ئۆپۆزسیۆنی بزووتنەوەی نەتەوەیی ـ مەھەپە ئامادە كرا و رۆژی 20 كانوونی دووەمی رابردوو بە دەنگی پەرلەمانتارانی ھەردوولا پەسندكرا.

ئەردۆغان ئەمڕۆ ھەینی  یاسی ھەمواركردنەوەی دەستووری ئیمزا كرد و بۆ حكومەتی نارد كە بە پێی یاساكانی توركیا لە رۆژنامە بڵاو دەكرێتەوە و دوای 60 رۆژ دەخرێتە راپرسی كە دەكاتە رۆژی 16 نیسانی داھاتوو.

بە پێی ھەمواری دەستووری توركیا، سیستەمی حوكم لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆكایەتی دەگۆڕێت، كە پرۆژەی ھەمواركردنەوەی دەستوور بە ھاوبەشی ھەر یەك لە پارتی دەسەڵاتداری توركیا داد و گەشەپێدان ـ ئاكپارتی و پارتی ئۆپۆزسیۆنی بزووتنەوەی نەتەوەیی ـ مەھەپە ئامادە كرا.

بە پێی دوایین راپرسی كە رۆژی 4 شوباتی 2017 بڵاوكرایەوە، 58.2% دەنگدەرانی توركیا دەستووری نوێ رەت دەكەنەوە و تەنیا 41.2% بە بەڵێ دەنگی پێ دەدەن.

ھەر لەم راپرسییەدا 68.7% دەنگدەرانی مەھەپە بە "نا" دەنگ بە ھەمواركردنەوەی دەستوور دەدەن، لە كاتێكدا حزبەكەیان ھاوبەشی ئامادەكردنی پرۆژە یاسای ھەمواركردنەوەی دەستوورە.

دانیشتنەكانی پەرلەمانی توركیا بۆ ھەموار كردنەوەی دەستوور چەندین شەڕە قسە و شەڕی دەستەویەخە لێكەوتەوە، كە دواترینیان شەڕی دەستەویەخەی ژنە پەرلەمانتاران بوو.

ھەر لەم شەڕەدا دوو ژنە پەرلەمانتار كەوتنە خوارەوە، پاش ئەوەی ژنە پەرلەمانتەرێكی بێ لایەن بۆ دەربڕینی نارەزایەتی بەرامبەر ھەمواركردنەوەی دەستوور دەستەكانی خۆی بەو مێزەوە كەلەپچە كرد كە بۆ پێشكەش كردنی لێدوان و گوتار دانراوە.

JS