گه‌نجێك له‌ ژن و پیاوێكی به‌ ته‌مه‌ن ده‌دات

خه‌ڵكی له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان زۆر تووڕه‌ن

K24 - هه‌ولێر:

چالاكوانانی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له‌ سعودیه‌، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 16/4/2017 ڤیدیۆیه‌كیان بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ گه‌نجێك ده‌بینرێت له‌ ژن و پیاوێكی به‌ ته‌مه‌ن ده‌دات. به‌ڵام هه‌واڵی جیاواز هه‌یه‌ له‌سه‌ر په‌یوه‌ندی گه‌نجه‌كه‌ به‌و ژن و پیاوه‌وه‌ و هه‌ندێك ده‌ڵێن دایك و باوكی خۆیه‌تی و تا ئێستاش به‌ ته‌واوی دیارنییه‌ كه‌ ئه‌و كوڕه‌ چ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌و  ژن و پیاوه‌وه‌ هه‌یه‌.

هه‌ر زوو خه‌ڵكی به‌و دیمه‌نه‌ توڕه‌ بوون و سه‌ركۆنه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌شیان كرد، كه‌ سه‌رقاڵی وێنه‌گرتن بوون و نه‌چوون ده‌ستی گه‌نجه‌كه‌ بگرن تا له‌و ژن و پیاوه‌ به‌ ته‌مه‌نه‌ نه‌دات.

گه‌نجه‌كه‌ تیشێرتێكی سپی له‌ به‌ردایه‌ و به‌ زۆر گۆپاڵه‌كه‌ له‌ پیاوه‌كه‌ ده‌سێنێت و ده‌یكێشێت به‌ سه‌ریدا و ژنه‌كه‌ش ده‌یه‌وێت پیاوه‌كه‌ بپارێزێت به‌ڵام ئه‌ویش له‌لایه‌ن گه‌نجه‌كه‌وه‌ لێی ده‌درێت.

دوو كه‌سیش وێنه‌ی ئه‌و رووداوه‌یان گرتووه‌، یه‌كێكیان كاتێك به‌ ئۆتۆمبێل تێده‌په‌رێت وێنه‌یان ده‌گرێت، به‌ڵام كه‌سێكی دیكه‌ له‌ سه‌ر شه‌قامه‌كه‌وه‌ وێنه‌یان ده‌گرێت، ئه‌وه‌ش بووه‌ته‌ هۆی تووڕه‌بوونی خه‌ڵكی و به‌هۆی ئه‌وه‌ی وێنه‌ی گرتووه‌ و نه‌چووه‌ هاوكاری ژن و پیاوه‌كه‌ بكات، به‌ توندی سه‌ركۆنه‌ كراوه‌.