به‌هۆی لێكچوونی به‌ مێسی خه‌ریكه‌ سه‌رتاپای ژیانی ده‌گۆڕێت

خەریکە بە بڵاوبوونەوەی وێنەکانی رکابەری مێسی ـیه‌ رەسەنەکە دەکات

K24 ـ تاران

ره‌زا په‌رستش، مێسییه‌كه‌ی ئێران، رۆژ به‌ر رۆژ له‌ میدیا جیهانییه‌كان زیاتر گرنگی پێ ده‌درێت و زیاتر به‌ جیهان ده‌ناسرێت، له‌ چه‌ند رۆژی رابردووش له‌ تاران به‌هۆی كۆبوونه‌وه‌ی خه‌ڵكی به‌ ده‌ورییه‌وه‌ له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه‌ ده‌ستگیر ده‌كرێت و ئوتومبێله‌كه‌شی ده‌ستی به‌سه‌ردا ده‌گیرێت.

ئەمە لیۆنێل مێسی نییە، بەڵکو لێکچووێکی ئەستێرەکەی بارسێلۆنایە و خەریکە تەنیا بە لێكچوونی لە لیۆ سەرتاپای ژیانی دەگۆڕێت.

رەزا پەرستیشی ٢٥ ساڵان لەم چەند رۆژەدا بووەتە بابەتی گەرمی میدیا جیهانییەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، خەریکە بە بڵاوبوونەوەی وێنەکانی رکابەری گۆڵەکانی مێسیە رەسەنەکە دەکات.

هەشت ساڵ لەمەوبەر باوک و ماڵباتەکەی درکیان بەوەکردبوو کوڕەکەیان لە مێسی دەچێت، پێنج مانگ لەمەوبەریش هانیان دابوو وێنە بە درێسی بارسێلۆنا و ئارجێنتینا بگرێت و بڵاویان بکاتەوە، بۆ ئەوەی لێچوونی لە لیۆ بسەڵمێنێت.

خانمێكی ئێران له‌گه‌ڵ مێسی ئێران سێڵفی ده‌گرێت
خانمێكی ئێران له‌گه‌ڵ مێسی ئێران سێڵفی ده‌گرێت

لە شەقامەکانی تاران هەر کەسێک چاوی بە رەزا بکەوێت، وادەزانێت مێسی چووەتە ئێران و پەلە دەکەن بۆ ئەوەی وێنەی لەگەڵ بگرن، تەنانەت لەم چەند رۆژەی دوایی بەهۆی کۆبوونەوەی کەسانێکی زۆر بە دەوری مێسییە ئێرانییەکەوە قەرەباڵخی لە شەقامێکی هەمەدان دروستببوو و گواسترابووەوە بنکەی پۆلیس و ئۆتۆمبێڵەکەی دەستی بەسەرداگیرابوو.

 

ره‌زا په‌رستێش كه‌ به‌ مێسی ئێران ناسراوه‌
ره‌زا په‌رستێش كه‌ به‌ مێسی ئێران ناسراوه‌

نوێترین لێدوانی ره‌زا په‌رستێش

ره‌زا كه‌ به‌ مێسی ئێران ناسراوه‌ له‌ لێدوانێكدا بۆ میدیاكان ده‌ڵێت: سەرەتا کاتێک خەڵک من لە شەقامەکان دەبینن، وادەزانن مێسی هاتووەتە ئێران و بە شەقامەکانی تاراندا دەسووڕێتەوە، بەڵام کە لە من نزیکدەبنەوە و قسەم لەگەڵ دەکەن، بۆیان دەردەکەوێت مێسییەکەی بارسێلۆنا نیم و شۆک دەبن و وێنەم لەگەڵ دەگرن.

مێسی ئێران ده‌شڵێت: ماوەیەک لەمەوبەریش کاتێک چاڤی هێرناندێزی یاریزانی پێشووی بارسێلۆنا لەگەڵ یانەی سەدی قەتەری هاتە ئێرە و چاوی بە من کەوت، شۆک بوو و پێی گوتم تۆ مێسی ئێرانی و وێنەیەکی یادگاری لەگەڵ گرتم و درێسەکەی خۆی پێدام، من دەمەوێت سوود لەم لێکچوونەم لە مێسی وەربگرم و بۆ کاری خێرخوازی بەکاری بهێنم.

هاووڵاتییەکی ئێرانی شتێكی سه‌یر ده‌گێرێته‌وه‌

هاوڵاتییه‌كی ئێرانی له‌ باره‌ی مێسی ئێران چیرۆكێكی خۆی ده‌گێرێته‌وه‌ و ده‌ڵێت: من رۆژانه‌ به‌رده‌وام یاری ده‌كه‌م، بەڵام هاوڕێکانم پێیان گوتم وەرە مێسی هاتووەتە ئێرە، وامزانی هاوڕێکانم گاڵتە دەکەن و لە پشتەوە کەسێکم بینی درێسی مێسی لەبەرکردبوو، بەڵام کاتێک رووی وەرگێڕا بەخۆمم گوت واو ئەمە مێسییە.

رەزا لە چاوەڕوانی دیداری مێسی دایە و دەیەوێت ئەو کەسە ببینێت کە بووەتە هۆی بەناوبانگ بوونی و گۆڕانی ژیانی.