شاندێکی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسروور بارزانی سەردانی ئەمەریکا دەکات
دامەزراوەی بەناوودەنگی هیریتج لە واشنتن، سیمینارێکی تایبەت بۆ مەسروور بارزانی رێکدەخات
K24 – واشنتن:
شاندێکی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسروور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشى هەرێمی کوردستان سەردانی ئەمەریکا دەکات.
مەسروور بارزانی، بە یاوەری سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان فوئاد حوسێن و نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە واشنتن بەیان سامی عەبدولڕەحمان چەندین دیداریان لەکۆشکی سپی و وەزارەتی دەرەوە و بەرگری وئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی و کۆنگرێس دەبێت و بارودۆخی هەرێمی کوردستان و دوا رۆژی پەیوەندی کوردستان و عێراق و پرسی ریفراندۆم لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا تاووتوێ دەکەن.
هەروەها دامەزراوەی بەناوودەنگی هیریتج لە واشنتن، سیمینارێکی تایبەت بۆ مەسروور بارزانی رێکدەخات، کە تێیدا روانگەی کوردستان لە بارەی عێراقی دوای شەڕی داعش و رزگارکردنی مووسڵ دەخاتەڕوو.

ئەمە یەکەم سەردانی مەسروور بارزانییە بۆ ئەمەریکا دوای دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، دوای ئەوەی لە دیسەمبەری ساڵی رابردوو، شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسروور بارزانی، چەندین دیداری گرنگییان لە واشنتن ئەنجامدا و لەگەڵ جێگری سەرۆکی ئەمەریکا و چەندین بەرپرسانی باڵای کۆنگرێس و وەزارەتی دەرەوە کۆبوونەوە.
