ئه‌مڕۆ ماكرۆن كۆدی چه‌كه ئه‌تۆمییه‌كان وه‌رده‌گرێت و یه‌كه‌م وتاری وه‌ك سه‌رۆكی فه‌ڕه‌نسا پێشكه‌ش ده‌كات
ئیلیزێ بۆ پێشوازی بچووكترین سه‌رۆكی فه‌ڕه‌نسا ده‌ڕازێته‌وه‌و 21 تۆپ بۆ پێشوازی ده‌ته‌قێنرێت
K24 - هه‌ولێر:
ئه‌مڕۆ بچووكترین سه‌رۆكی هه‌ڵبژێردراوی فه‌ڕه‌نسا "ئیمانوێل ماكرۆن" دوای هه‌فته‌یه‌ك له سه‌ركه‌وتنی به‌سه‌ر "مارین لۆپین"ـی ركابه‌ری، به فه‌رمی ئه‌ركی سه‌رۆكایه‌تی كۆماری فه‌ڕه‌نسا له ئه‌ستۆ ده‌گرێت.
كاتژمێر (8:00 GMT) راده‌ستكردنی ده‌سه‌ڵات له كۆشكی ئیلیزێ به‌ڕێوه‌ده‌چێت، ئه‌ویش رێوڕه‌سمێكی نه‌ریتییه و به به‌شداری 1500 پۆلیس، له شاری پاریسی پایته‌خت سازده‌كرێت.
"فرانسوا ئۆلاند" پێشتر ته‌ئكیدی كردبووه‌وه كه كار بۆ ئه‌وه ده‌كات به " ئاسانی و روونی و برایانه" ده‌ستاوده‌ستی ده‌سه‌ڵات له‌گه‌ڵ ئه‌و گه‌نجه ته‌مه‌ن 39 ساڵه‌دا بكات، كه رۆژانێك له سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی خۆیدا وه‌زیری دارایی بوو.
ئۆلاند خۆ كاندیدكردنه‌وه‌ی بۆ خولی دووه‌می سه‌رۆكایه‌تی فه‌ڕه‌نسا، له مانگی كانوونی یه‌كه‌می رابردوو ره‌تكرده‌وه، چونكه ده‌یزانی ئاستی جه‌ماوه‌رێتی به رێژه‌یه‌كی زۆر دابه‌زیووه، به‌ڵام گووتبووی " ده‌سه‌ڵات راده‌ستی نه‌یارێكی سیاسی ناكه‌م" به‌ڵام ئه‌مڕۆ ئه‌ركی سووكتره‌و كورسییه‌كه ده‌داته ده‌ست ئه‌و گه‌نجه‌ی، خۆی زۆر بانگه‌شه‌ی كرد تا خه‌ڵكی فه‌ڕه‌نسا له نێوان "ئیمانوێل ماكرۆن" رێبه‌ری بزووتنه‌وه‌ی "بۆ پێشه‌وه!" و "مارین لۆپین" سه‌ركرده‌ی به‌ره‌ی نیشتیمانی راستڕه‌وی توندڕه‌و یه‌كه‌میان هه‌ڵبژێرن.

ئه‌مڕۆ ئۆلاند له كۆشكی ئیلیزێ پێشوازی له سه‌رۆكی هه‌ڵبژێردراو ده‌كات و دواتر له دانیشتنێكی تایبه‌تدا، كۆده‌كانی چه‌كی ئه‌تۆمی وڵاته‌كه‌ی راده‌ستی ماكرۆن ده‌كات.
دۆمێنیك رۆسۆ، شاره‌زا له مافی ده‌ستووریی رایگه‌یاند:" له‌و دیداره‌دا ئۆلاند و ماكرۆن چه‌ند پرسێكی دیكه‌ش تاوتوێ ده‌كه‌ن و كێشه گه‌وره‌كانی ئێستای جیهانیش باس ده‌كه‌ن".
ئۆلاند ئێواره‌ی دوو شه‌ممه‌ی رابردوو پاش گه‌ڕانه‌وه‌ی له دوایین ئێواره دیداری ماڵئاوایی و نانخواردنی له‌گه‌ڵ ئه‌نگێلا مێركڵ راوێژكاری ئه‌ڵمانیا گووتی" ده‌مه‌وێت له‌وه دڵنیا ببمه‌وه كه ماكرۆن " هه‌موو ئه‌و بنه‌مایانه‌ی چالاكبوونی له به‌رده‌سته و له رۆژی یه‌كه‌مه‌وه هه‌موو دۆسییه‌كانی لوتكه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و كێشه ئابووریی و پیشه‌سازییه‌كان به رێكی كه‌وتوونه‌ته به‌رده‌ستی و هه‌موو تیمه‌كانی كه كاری له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ن وه‌ك یه‌ك تیم و به گونجاوی هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كه‌ن".
دوای ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ ئۆلاند یاوه‌ری ماكرۆن ده‌كات بۆ رێوڕه‌سمی "سڵاوی نیشتیمانی" له لایه‌ن لۆران فابیۆس سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی ده‌ستووری ده‌ره‌نجامی فه‌رمی هه‌ڵبژاردنه سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ش راده‌گه‌یه‌نرێت.

دوای ئه‌وه سه‌رۆكی نوێ وتارێك پێشكه‌ش ده‌كات و سروودی نیشتیمانی پێشكه‌ش ده‌كرێت و پاسه‌وانانی كۆماریش سڵاو بۆ سه‌رۆكی نوێ ده‌كه‌ن. پاشان له رێوڕه‌سمه‌كه‌ی ئیلیزێدا 21 تۆپ ده‌ته‌قێنرێت و دواتر ماكرۆن بۆ دانانی تاجه گوڵینه له‌سه‌ر گلكۆی سه‌ربازی ون ده‌چێته "كه‌وانی سه‌ركه‌وتن" (Arc de Triomphe).
ئه‌و شوێنه‌ش ده‌كه‌وێته سه‌ر رێگای شانزئه‌لیزییه له پاریس و رێگایه‌كه به دار ده‌وره‌دراوه و ده‌كه‌وێته مه‌یدانی "چارل دیگۆل".

پێشتر به مه‌یدانی ئه‌ستێره ناوده‌برا و كاركردن له‌و شوێنه‌دا سه‌ره‌تاكانی سه‌ده‌ی نۆزده ده‌ستیپێكردووه، ناپلیۆن پۆناپارت ده‌یویست بكرێته سیمبوڵ و هێمای نه‌مریی بۆ سه‌ركه‌وتنه‌كانی سوپای ئیمپراتۆرییه‌ته‌كه‌ی. به‌ڵام له ساڵی 1836 له سه‌رده‌می لوی فیلیپ به یه‌كجاری ته‌واو بووه.