عەبادی فەرمانی نوێی بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵ دەركرد

"لەگەڵ فەرماندەكانی ئۆپەراسیۆنی مووسڵ تاوتوێی یەكلای كردنەوەی شەڕەكەیان كردووە"

K24 - ھەولێر

حەیدەر عەبادی سەردانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەكانی مووسڵی كرد و فەرمانی نوێی بۆ ئەو ئوپەراسیۆنە دەركرد.

نووسینگەی راگەیاندنی حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، ئاشكرای كرد، لەو سەردانەیدا كە دوێنێ ئەنجامیدا، عەبادی له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌ سه‌ربازی و ئه‌منییه‌كان كۆبووه‌‌وه‌ و شه‌ڕی‌ مووسڵ و یه‌كلای كردنه‌وه‌ی ئەو شه‌ڕە‌یان تاوتوێ كرد له‌ ماوه‌یه‌كی‌ نزیكدا.

عه‌بادی‌ رێنمایی نوێی ئاراسته‌ی‌ فه‌رمانده‌كان كرد بۆ به‌رده‌وامیدان به‌سه‌ركه‌وتنه‌كان و له‌گه‌ڵ جه‌ختكردنه‌وه‌ له ‌گرنگی‌ پاراستنی‌ گیانی‌ خەڵكی سڤیل و سەربازەكان.

ئۆپەراسیۆنی ھێزەكانی عێراق بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی شاری كۆنی مووسڵ بەھۆی چری دانیشتوان و تەسكبوونی شەقام و كۆڵانەكانی رووبەڕووی بەربەست بووە، بەتایبەتی كوژرانی ھاووڵاتیانی سڤیل لە ماوەی رابردوو بووە ھۆی وەستانی ئۆپەراسیۆنەكە بۆ ماوەی سێ رۆژ.

ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنی موسڵ رۆژی 17 تشرینی یەكەمی 2016 بە بەشداری ھەر یەك لە ھێزەكانی پێشمەرگە و عێراقی دەستیپێكرد و لە سەرەتادا ھێزەكانی پێشمەرگە ناوچەكانی دەروبەری موسڵ بەتایبەتی لە باكوور و رۆژھەڵاتی شارەكە كۆنترۆڵكرد و رێگەیان بۆ چوونە ناوەوەی ھێزەكانی عێراق بۆ ناو موسڵ كردەوە.