ئەردۆغان: دەبێ ئەمریکا بە هاوبەشی ئێمە لە ناوچەكە بڕیار بدات

موسلیم: سەردانەكەی ئەردۆغان بۆ ئەمریكا نابێتە ھۆی گۆڕانكاری لە ھەڵوێستی واشنتن

K24 - ھەولێر

سەرۆك كۆماری توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان لەبارەی چەكداركردنی یەپەگەوە پەیامێكی ئاراستەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا كرد.

ئەردۆغان رایگەیاند، ئەگەر ئێمە و ئەمریكا ھاوپەیمانی ستراتیجین ئەوا پێویستە بڕیارەكانیشمان لە چوارچێوەی ئەو ھاوپەیمانێتییەدا بدرێن، ئەگینا پێویستە ئێمە بۆخۆمان بەدوای رێگە چارەیەكدا بگەڕێین.

ئەردۆغان ئەو گوتەیەی خۆی بەر لە ئەنجامدانی گەشتەكەی كرد بۆ ئەمریكا كە پلان وایە بەیانی ئەنجام بدرێ.

لەھەمبەر ئەو دەنگۆیانەش، سەرۆكی كۆنسەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەمریكا ریچارد ھاس رایگەیاند، ئەگەر ئەردۆغان گەشتەكەی خۆی بۆ ئەمریكا ھەڵوەشێنێتەوە ئەوا زیانێكی مەزنی نابێ.

ساڵح موسلیم ھاوسەرۆكی گشتی پارتی یەكێتی دیموكرات "پەیەدە" لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا گوتی "سەردانەكەی ئەردۆغان بۆ ئەمریكا و كۆبوونەوەی لەگەڵ ترەمپ نابێتە ھۆی گۆڕانكاری لە ھەڵوێستی واشنتن بەرامبەر بە پەیەدە و پێدانی چەك بە یەپەگە.