چوار فراكسیۆنی په‌رله‌مان دژی رێككه‌وتنی نێوان حكومه‌تی هه‌رێم و كۆمپانیای رووس نه‌فت به‌یاننامه‌یه‌كیان بڵاوكرده‌وه
گومانیان له ناوه‌ڕۆكی رێككه‌وتنه‌كان هه‌یه
K24 - هه‌ولێر:
هه‌ر چوار فراكسیۆنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان و كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستان و بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی، له په‌رله‌مانی كوردستان، دژی واژۆكردنی رێككه‌وتنی نوێی نێوان حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و كۆمپانیای "رووس نه‌فت" به‌یاننامه‌یه‌كیان بڵاوكردووه‌ته‌وه.
له به‌یاننامه‌ی چوار فراكسیۆنه‌كه‌دا هاتووه" واژووكردنى رێككه‌وتنێكی نوێ له‌گه‌ڵ كۆمپانیاى (رووس نه‌فت)ى رووسى ـ به‌درێژكراوه‌ى ئه‌و رێككه‌وتانانه ده‌زانین كه ئه‌م دۆخه خراپه‌ى له كوردستان خوڵقاندووه. ئێمه له په‌رله‌مانى كوردستان زۆرجار داوای گرێبه‌ستى 50 ساڵیمان له‌گه‌ڵ توركیا كردووه بۆ لێكۆڵینه‌وه، به‌رپرسانى حكومه‌ت ئاماده‌نه‌بوون ئه‌م گرێبه‌سته بخه‌نه به‌رده‌ست په‌رله‌مان، ئه‌مه جگه له‌وه‌ى داواى چه‌ندین گرێبه‌ستى دیكه‌مان كردووه حكومه‌ت ئاشكرای نه‌كردووه. ئه‌م گرێبه‌سته‌ى (رووس نه‌فت) ناكرێت به‌بێ چاودێرى و لێكدانه‌وه‌ى په‌رله‌مان واژوو بكرێت، ناكرێت نه‌زاندرێت داشكاندنى هه‌رێم بۆ نرخى ئه‌و نه‌وته‌ى كه‌كردوویه‌تى بۆ (روس نه‌فت) چه‌نده؟".
هه‌روه‌ها له درێژه‌ی به‌یاننامه‌كه‌یاندا ئاماژه‌یان به‌وه‌كردووه" ناكرێت نه‌زانرێت كۆمپانیاى (رووس نه‌فت) چۆن ده‌بێته هاوبه‌ش یان خاوه‌ندار له‌و پێنج كێڵگه نه‌وتییه‌دا، بۆ چه‌ند ساڵه؟، ئایا ئه‌و یه‌ك ملیار دۆلاره‌ى له مانگى شوباتى ئه‌م ساڵدا له كۆمپانیاكه وه‌رگیراوه‌و گرێبه‌ستى بۆ كراوه چى لێهات؟ چى گه‌ره‌نتییه‌ك هه‌یه چاره‌نووسى ئه‌م پاره‌یه وه‌ك ئه‌و "شه‌ش ملیار دۆلار"ی به‌خشین (شیرینى)ى كۆمپانیاكانی لێنایه‌ت كه له‌بانكىHSBC دانرابوو دواتر له‌و بانكه ده‌رهێندراو چاره‌نووسه‌كه‌ى نادیاره".
چوار فراكسیۆنه‌كه باسی ئه‌وه‌شیان كردووه " ئه‌م رێككه‌وتنه به‌شێكى سیاسییه‌و په‌یوه‌ندى به هاوكێشه‌ی هه‌رێمایه‌تى و نێوده‌وڵه‌تییه‌وه هه‌یه‌و لێكه‌وته‌ی ده‌بێ، كێ به‌رپرسیارییه‌تى ئه‌م لێكه‌وتانه هه‌ڵده‌گرێت. به‌شێكى ئه‌م رێككه‌وتنه بۆ نه‌وتى كه‌ركوكه، ئایا گفتوگۆ له‌گه‌ڵ حكومه‌تى ناوه‌ندى كراوه؟ ئه‌گه‌ر حكومه‌تى ناوه‌ندى گرفتى دروستكرد چۆن مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت؟".
به‌یاننامه‌ی ئه‌و چوار فراكسیۆنه له كاتێكدایه، ئێستا شاندێكی باڵای حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به سه‌رۆكایه‌تی نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌ت و قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی و وه‌زیری سامانه سرووشتییه‌كان له شاری سانت پیترسبۆگی رووسیان و له چه‌ند رۆژی رابردوودا له‌گه‌ڵ كۆمپانیای روس نه‌فت" رێككه‌وتنیان بۆ په‌ره‌پێدانی پێنج كێڵگه‌ی نه‌وت واژۆكردبوو.