له‌ رۆژهه‌ڵاتى كوردستان هێرشه‌كه‌ى داعش بۆ سه‌ر په‌رله‌مان و مه‌زارگه‌ى خومه‌ينى ئيدانه‌كرا

گرووپێکی سەر بە رێکخراوی داعشيان لە نزیک تاران دەستبەسەر کردووە

K24 – هه‌ولێر:

فه‌رمانده‌ى پۆلیسی تاران حسێن ئەشتەری رایگەیاند، گرووپێکی سەر بە رێکخراوی داعشيان لە نزیک تاران دەستبەسەر کردووە. پۆلیسی ئێران هیچ روونکردنەوەیەکی زیاتری لەسەر ئەوگرووپە ئاشکرا نەکردووە.

دوێنێش پۆلیسی تاران رایگەیاندبوو، کەسێکی سەر بە رێکخراوی داعشیان لە شاری کەرەجی نزیک تاران دەستبەسەر کردووە.

لە پاش هێرشی گرووپێکی سەر بە داعش لە رۆژی چوار شەممەی رابردوو بۆ سەر ئه‌نجوومه‌نى شووراى كۆمارى ئيسلامى ئێران و مەزارگەی دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی، شەپۆلێکی فراوانى دەستبەسەر کردنی خەڵک لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ئێران دەستیپێکردووە.

هه‌ر له‌و چوارچێوه‌يه‌دا، هاوكات له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنى پرۆسه‌ى ده‌ستگيركردنى تۆمه‌تباران له‌ ئێران و رۆژهه‌ڵاتى كوردستان، ژمارەیەك چالاكوان و نووسەری رۆژھەڵاتی كوردستان بەتوندی كردەوە تیرۆریستییەكەی رۆژی چوارشەممەی تارانیان ئیدانەكرد.

له‌ نوێترين پێشهاتيشدا، حەسەن رووحانی سەرۆک کۆماری ئێران لە یەکەم لێدوانیدا سه‌باره‌ت بە هێرشەکانی داعش بۆ سەر  شووراى ئێران و مەزارگەی خومەینی رایگەیاند، ئەم هێرشە تۆڵە کردنەوە لە دیموکراسی بوو و کاردانەوەیەک بوو بەرامبەر بە بەشداریکردنی خەڵک لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری و ئەنجومەنی شارەوانییەکانی ئێراندا.