مه‌سرور بارزانى: پشتگيرى له‌وه ده‌كه‌ين مه‌سيحييه‌كان خۆيان ناوچه‌كانيان به‌ڕێوه‌به‌رن
بڕیارمانداوه، كه باشترین مۆدیلی پێكه‌وه‌ژیان له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بۆ گشت پێكهاته‌كان له هه‌رێمی كوردستان پێشكه‌ش بكه‌ین.
K24 – هه‌ولێر:
مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان راگەیاند، ئێمە له هه‌رێمی كوردستان سوورین و بڕیارمانداوه، كه باشترین مۆدیلی پێكه‌وه‌ژیان له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بۆ گشت پێكهاته‌كان له هه‌رێمی كوردستان پێشكه‌ش بكه‌ین.
گوتيشى: هه‌رێمی كوردستان پشتیوانی له‌وه ده‌كات، مەسیحیەکان خۆیان ناوچه‌كانی خۆیان به‌ڕێوه‌به‌رن.
مەسرور بارزانی له میانه‌ی پێشوازیكردنی له شاندێكی باڵای پیاوانی ئایینی مه‌سیحی به سه‌رۆكایه‌تی مه‌تران (به‌شار وه‌رده و نیكۆدیمس داود شه‌ره‌ف) رایگه‌یاند، هه‌رێمی كوردستان هه‌ر به په‌ناگه‌ی ئارام ده‌مێنێته‌وه بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی له ده‌ست شه‌ڕ و توندوتیژیی ھەڵدێن و رووی تێده‌كه‌ن، وه‌ك چۆن پێشتریش له ده‌ست زوڵم و زۆرییهكان په‌نایان بۆ چیاكانی كوردستان ده‌هێنا.

لە کۆبوونەوەیەکی نێوانیان دا کە گفتوگۆ له‌باره‌ی ره‌وشی ناوچه رزگاربووه‌كانی ده‌ستی داعش و قۆناغی دواتری عێراق و پرۆسه‌ی ریفراندۆم كرا، كه بڕیاره له 25ی ئه‌یلوولی ئه‌مساڵ له سه‌رانسه‌ری هه‌رێمی كوردستاندا به‌ڕێوه‌بچێت.
شاندی میوان سوپاسی هه‌رێمی كوردستانیان كرد بۆ حه‌وانه‌وه و داڵده‌دان و یارمه‌تیدانی ئاواره‌كان به گشتی و پێكھاتەی مه‌سیحی به‌تایبه‌تی و دووپاتیانكرده‌وه، كه ئه‌وان هه‌رێمی كوردستان به وڵاتی خۆیان ده‌زانن و هیچ كاتێك نموونه‌ی ئه‌م پێكه‌وه‌ژیان و برایهتییە و یارمه‌تییه‌كانی له بیر ناكه‌ن.

هه‌ر له‌و دانیشتنه‌دا باس له ره‌وش و چۆنیه‌تی به‌ڕێوه‌بردنی ناوچه رزگاربووه‌كان له پارێزگای نه‌ینه‌وا كرا، په‌یوه‌ست به مافی مه‌سیحیانی ده‌شتی نه‌ینه‌وا راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان دڵنییای به شاندی باڵای پیاوانی ئایینی مه‌سیحی دا، كه هه‌رێمی كوردستان پشتیوانی له‌وه ده‌كات، ئه‌وان خۆیان ناوچه‌كانی خۆیان به‌ڕێوه‌به‌رن و رایگه‌یاند، هه‌رێمی كوردستان له پاراستنی مافی مه‌سیحیان و گرووپه ئایینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی دیكه به‌رده‌وام ده‌بێت و له هیچ بارودۆخێكدا پاشه‌كشه له‌و پره‌نسیپه ناكات.