سەعدی پیرە: بیانووی كاراكردنەوەی پەرلەمان ناھێڵین
"تێدەكۆشین بۆ سەرخستنی ریفراندۆم"
K24 - ھەولێر
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایگەیاند: "بەپێی دەستوور و یاسا نێودەوڵەتییەکان هەرێمی کوردستان لە ئەنجامدانی ریفراندۆم هیچ کێشەیەکی یاسایی نییە و پرسێکی یاسایی رێگەپێدراوە و خەڵک دەتوانێت لەو ڕێگەیەوە گوزارشت لە بیروڕای خۆی بکات".
گوتیشی: "وەك یەكێتی نیشمانی كوردستان بڕیارماندا تێدەكۆشین بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم، وەكو تەنھا دەرگای یاسایی بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی كوردستان، ھەروەھا یەكێتی نیشتمانی كوردستان وەك ھەوڵدەدەین بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان وەك بنەمایەكی یاسایی، بڕیارێكی دیكەی یەكێتی كاركردنە بۆ چارەسەری كێشە نێوان لایەنە سیاسییەكان و كۆدەنگی نیشتمان، لەپێناو سەرخستنی ریفراندۆم بە باشترین شێوە".
راشیگەیاند: "بیانووی كاراكردنەوەی پەرلەمان ناھێڵین، لە دوایین كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتی بڕیاری لێدراوە، چاوەڕێی ھەڵوێستی فەرمی بزووتنەوەی گۆڕان دەكەین".
سەعدی پیرە ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: "لە کۆبوونەوەی نێوان لایەنە سیاسییەکان هەمووان لەسەر کاراکردنەوەی پەرلەمان هاوڕابوون، لە پێناو چارەسەرکردنی کێشەکان بڕیاردرا کۆبوونەوەی یەکەمی پەرلەمان لەلایەن دەستەی سەرۆکایەتی ئێستای پەرلەمانەوە بەڕێوەبچێت، بەڵام لە کۆبوونەوەی دووەمدا سەرۆکایەتی پەرلەمان دەگۆڕدرێت."