بۆمبه مرۆییه‌كه به سنووره ده‌ستكرده‌كاندا ده‌ته‌قێته‌وه
كورد كارته به‌هێزه‌كه‌ی خستووه‌ته مه‌یدانی سیاسه‌تی داهاتووی و رێگاكانی مانه‌وه‌ی عێراق به یه‌كپارچه‌یی ته‌سك بوونه‌ته‌وه
K24 - هه‌ولێر:
كورد له باشووری كوردستان، رۆژی 25/9/2017 ریفراندۆمێكی مێژوویی بۆ دیاریكردنی چاره‌نووسی خۆی ئه‌نجام ده‌دات، هاووڵاتیان له نێوان سه‌ربه‌خۆبوون و مانه‌وه له‌گه‌ڵ عێراقدا، به "به‌ڵێ" و "نه‌خێر" بڕیاری خۆیان ده‌ده‌ن.
خواستی كورد بۆ درووستكردنی ده‌وڵه‌ت، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ پاش جه‌نگی جیهانیی دووه‌م، ئه‌و رۆژه‌ی وڵاته گه‌وره‌كان " فه‌ڕه‌نسا و بریتانیا " میراته جێماوه‌كه‌ی خه‌لافه‌تی عوسمانیان دابه‌شكرد. چه‌ند ده‌وڵه‌تێكیان درووستكرد و هێڵی سنووریی داتاشراو و ده‌ستكردیان له نێوان رۆڵه‌كانی یه‌ك گه‌لدا كێشا‌و رێگه‌شیان به كورد نه‌دا ده‌وڵه‌تی خۆی درووست بكات و به‌سه‌ر چوار وڵات (عێراق، سووریا، ئێران و توركیا) دا دابهشیانكردن، بێ ئه‌وه‌ی خۆیان رۆڵیان له‌و بڕیاره‌دا هه‌بێت و ئاگاداربن.

دابه‌شكردنی كورد له نێوان چوار ده‌وڵه‌تی ناوچه‌كه‌دا، وه‌ك دانانه‌وه‌ی بۆمبێكی چێنراوی مرۆیی گه‌وره بوو،، دوای 100 ساڵ ئێستا ئه‌گه‌ری ته‌قینه‌وه‌ی زیاتر بووه، چونكه جوگرافیای كوردستان كه‌وتووه‌ته شوێنێك و به‌سه‌ر ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌دا دابه‌شكراوه، كه به سیاسه‌تی سه‌ركوتكردن و داپڵۆسین و چه‌وسانده‌وه مامه‌ڵه‌یان كردووه‌و ناسراون.
ده‌سه‌ڵاتدارانی توركیا له ماوه‌ی نزیكه‌ی 100 ساڵی رابردوودا تا ئه‌و كاته‌ی پارتی داد و گه‌شه‌پێدان هاتته سه‌ر ده‌سه‌ڵات رێگه‌ی به‌وه نه‌داوه دیمه‌نی راسته‌قینه‌ی كورد له خاكی خۆیدا به‌رچاو بكه‌وێت. سوریا به ته‌عریب و جۆره‌ها شێوازی ئه‌شكه‌نجه‌ی دڕندانه و سه‌ركوتكردن. عێراق به چه‌ندین شه‌ڕ و جه‌نگ له‌گه‌ڵ كورد و ئه‌نفال و كیمیابارانكردن و ته‌عریب و كوشتن. ئیرانیش به سیاسه‌ته داپڵۆسێنه‌ره‌كانی زه‌مانی شاكانی تا حوكمی ئیمامه‌كانی شۆڕشی ئیسلامی ئێستا، هه‌مووشیان پێكه‌وه كارێكیان كردووه و ئامانجیشیان رێگه‌نه‌دان بووه به سه‌ر ده‌رنه‌هێنانی كورد له خاك و نیشتیمانی خۆیدا.

كوردی باشووری كوردستان، پاش رووخاندنی رژێمی پێشووی به‌عس، ده‌رفه‌تی راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆییان بۆ ره‌خسا، به‌ڵام هاوشانی ئه‌و هێزه عیراقیانه‌ی هاتنه سه‌ر میراتی سه‌دام، كاریان بۆ درووستكردنه‌وه‌ی عێراقێكی نوێ كرد، بۆ ئه‌وه‌ی مه‌رجه‌كانی مانه‌وه‌یان وه‌ك هاوبه‌شی راسته‌قینه كه فیدراڵی راسته‌قینه‌یه بچه‌سپێنن.
به‌ڵام میراته‌كه‌ی سه‌دام نه‌كه‌وته ده‌ست هێزه راسته‌قینه‌كان و ئه‌وانه‌ی له خه‌می عێراقی نوێ‌دا بوون، به‌ڵكو ئه‌وانه عێراقیان ده‌جوڵاند كه ده‌سه‌ڵاتیان به‌سه‌ریدا ده‌ڕۆیشت، عێراق كرایه ئامرازێك و وڵاتانی ناوچه‌كه و جیهان به‌گوێره‌ی ده‌سه‌ڵاتیان تێدا ئاراسته‌یان ده‌كرد.
نووری مالیكی دوو خولی له‌سه‌ر یه‌ك، كورسی فه‌رمانڕه‌وایی عێراقی كه‌وته ده‌ست، به‌ڵام خه‌ونی عێراقی نوێی له به‌ین برد، تاكڕه‌وی په‌ره‌پێدا و ده‌یویست ببێته پیاوی یه‌كه‌می وڵات، وه‌ك ئه‌وه‌ی سه‌دام پێیگه‌یشتبوو. ئه‌وه‌ی مالیكی كردی گه‌یشته ئه‌و ئاسته‌ی عێراقی له‌به‌ریه‌ك هه‌ڵوه‌شانده‌وه، سێ یه‌كی خاكی وڵاته‌كه له ساڵی 2014 كه‌وته ده‌ست چه‌كدارانی داعش، ئه‌و رێكخراوه‌ی هیچ كات سوپاكه‌ی مالیكی شه‌ڕیان له‌گه‌ڵی بۆ نه‌كرا. چونكه مالیكی جگه له سونه‌ی عێراق و كورده‌كان، ته‌نانه‌ت هاوپه‌یمانه‌كانی خۆیشی له ناو هاوپه‌یمانیی نیشتیمانیی شیعه‌كان به‌لاوه نابوو.

ئه‌مڕۆش دوای ئه‌و هه‌موو ساڵه به ههدهردراوهی پاش ئازادكردنی عێراق، ره‌وشه‌كه به ده‌ست ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراقه‌وه گه‌یشتووه‌ته ئاستێك، ته‌نها دوو بژارده‌یان له به‌رده‌ستدا بێت و بژارده‌ی سێیه‌میش بوونی نییه. ئه‌ویش ئه‌وه‌یه یان هاوبه‌شیی راسته‌قینه له عێراقێكی فیدراڵی كه هه‌مووان پشكی راسته‌قینه‌ی مافه‌كانیان ده‌ستكه‌وێت و په‌راوێز نه‌خرێن، یان ئه‌وه‌ی كورده‌كان ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ رابگه‌یه‌نن و عێراق بكه‌نه به‌شێك له رابردوو. به‌ڵام ئه‌و رێگایه‌ش گوڵڕێژ نه‌كراوه‌و كوردی باشووری كوردستانیش ئه‌و راستییانه ده‌زانن.
كورد به ئه‌ندازه‌ی ئه‌و به‌شدارییه كاریگه‌ره‌ی له درووستكردنه‌وه‌ی عێراقی پاش سه‌دام هه‌یبوو، هێنده‌ش گله‌یی له‌و په‌راوێزخستنانه هه‌بووه كه له‌سه‌ر ده‌ستی فه‌رمانڕه‌وا شیعه‌كانی به‌غدا بینییان، چونكه كاریگه‌رییه‌كانی پشت په‌رده و ئه‌و بایه‌ی له ده‌ره‌وه‌و دراوسێكانی عێراقه‌وه هه‌ڵیكرد بوو، ده‌رفه‌تی بۆ هاوبه‌شی راسته‌قینه‌ی كورد نه‌هێشتووه‌ته‌وه. ئێستا به فیعلی ئیران رۆڵ له مه‌یدانی سیاسی و سه‌ربازی و ئابووری عێراقدا ده‌گێڕیت و عێراق به‌شێكه له‌و كه‌رته مانگه‌ی شیعه، كه نایانه‌وێت تارمایی كه‌سی به‌سه‌ره‌وه‌بێ.
بۆیه به‌غدا تا ئێستا هه‌ڵوێستێكی روونی له‌سه‌ر مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ كورد نییه و نه خۆی كێشه‌كانی له‌گه‌ڵ هه‌رێم چاره‌سه‌ركردووه، نه به ئاوازی سه‌ربه‌خۆیی كوردیش خۆشحاڵه.
چونكه سه‌عد حه‌دیسی گوته‌بێژی حكومه‌تی عێراق،ئه‌و كاته‌ی له‌سه‌ر بڕیاری ریفراندۆمی هه‌رێمی كوردستان قسه‌ی كردووه ده‌ڵێت" هه‌ر بریارێك په‌یوه‌ندی به ئایندهی عێراقه‌وه هه‌بێت، پێویسته ره‌چاوی به‌نده ده‌ستوورییه‌كانی تێدا بكرێت".

به‌ڵام ده‌ستووری عێراقی پاش بڕیاڕدان له‌سه‌ری له ساڵی 2005 وه، نه‌یتوانیوه ببێته نێوه‌ندگیریی چاره‌سه‌كردنی كێشه مێژوویی و جوگرافی و سیاسی و ئابوورییه‌كانی وڵات، ئه‌و كێشانه‌ی له نێوان كورد و ده‌وڵه‌تی عێراقدا له 100 ساڵی رابردوودا كه‌ڵه‌كه بوون.
نه كێشه‌ی ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم كه له ده‌ستووردا به ( ناوچه كێشه له‌سه‌ره‌كان) ناسراوه چاره‌سه‌ربوو، نه یاسای نه‌وت و غاز، نه كێشه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه كه له ده‌ستووردا وه‌ك (پاسه‌وانی هه‌رێم) ناسێنراون.
ئه‌وه‌ش ئه‌و كێشانه‌ن كه كورد نایه‌وێت له‌وه زیاتر درێژه بكێشێت، چونكه پاش هاتنی داعش عێراق هێنده‌ی دیكه له بین چووه، ئێستا نه‌خشه‌ی سیاسی و جوگرافی و سه‌ربازی و هاوپه‌یمانێتییه‌كان گۆڕاوه‌و كوردیش هه‌وڵی سوودوه‌رگرتن له‌و ره‌وشه نوێیه ده‌دات، هه‌ر چه‌نده له هه‌موو دۆخێك‌دا سه‌ربه‌خۆییان وه‌ك مافی سه‌ره‌تایی ناوبردووه.
ژماره‌یه‌ك لایه‌نی عێراقی و چاودێرانی سیاسی ده‌ڵێن " پێناچێت كورده‌كانی باشووری كوردستان پاش ریفراندۆم له عێراق جیاببنه‌وه، به‌ڵكو ده‌یانه‌وێت ریفراندۆمه‌كه بكه‌نه كارتێكی دیكه‌ی فشار و له‌سه‌ر مێزی دانووستاندنه‌كانی داهاتوو له‌گه‌ڵ به‌غدا به دهستیانهوهبێ".
چونكه ناوچه‌كه به ساته‌وه‌ختێكی زۆر قورس و پڕكێشه و ململانێی وڵاتانی هه‌رێمایه‌تی و نێوده‌وڵه‌تیدا تێده‌په‌ڕێ، یه‌كێك له‌و وڵاته هه‌رێمییانه توركیایه و ئه‌ویش به روونی ده‌ڵێت " رێگه به درووستبوونی ده‌وڵه‌تی كوردی ناده‌ین له‌سه‌ر "خاكه‌كه‌مان"، بۆیه دوورنییه به هه‌مان ئه‌ندازه دژی ده‌وڵه‌تی كوردی بێت له ده‌ره‌وه‌ی سنووری ئێستای وڵاته‌كه‌یشی.
هه‌ر چه‌نده به‌غدا ده‌ڵێت "هه‌ر بڕیار و هه‌نگاوێك په‌یوه‌ست بێ به ئایندهی عێراق ده‌بێت له عێراقه‌وه بڕیاری لێبدرێت و په‌یوه‌ندی به هیچ ده‌وڵه‌تێكی دیكه‌وه نییه".
كورد له رابردوودا به‌رده‌وام په‌یامێكی بۆ ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق هه‌بووه‌و ده‌ڵین" ئێمه ده‌مانه‌وێت هاوبه‌ش بین له عێراق نه‌ك دواتان بكه‌وین" ئێستا ئه‌و خواسته بووه به داوای سه‌ره‌كی سونه‌كانی عێراقیش، بۆیه ئه‌وانه‌ی له ده‌رگای سه‌ربه‌خۆیی و جیابوونه‌وه له عێراق ده‌ده‌ن، مه‌رج نییه ته‌نها كورد بن و ئه‌گه‌ری زۆره سونه‌كانیش به پاڵپشتی وڵاتانی ناوچه‌كه پاش نه‌مانی داعش بیر له هه‌نگاوێكی هاوشێوه بكه‌نه‌وه.

هه‌ر چه‌نده ئێستا به‌غدا باش ده‌زانێت چه‌ند لایه‌نێكی كوردیش هه‌ن دژی ریفراندۆم وه‌ستاونه‌ته‌وه، به‌ڵام پرسیارێكی سه‌ره‌كی پاش بڕیاردانی ریفراندۆم له ئه‌یلوولی داهاتوو هێشتا بێ وه‌ڵام ماوه‌ته‌وه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه، ئایا به راستی كورد پاش ریفراندۆم، له عێراق جیاده‌بێته‌وه و كورد شه‌ڕ له‌گه‌ڵ به‌غدا ده‌كات؟".
له دوایین دیداری مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ گۆڤاری به ناوبانگی (فۆرن پۆڵه‌سی) تا راده‌یه‌كی زۆر ئه‌و ته‌مومژه‌ی ره‌وانده‌وه، كاتێك گووتی " جیابوونه‌وه‌ی ئاشتییانه له‌گه‌ڵ به‌غدا، باشترین چاره‌سه‌ره بۆ كێشه‌كان و ده‌بێته هۆی سه‌قامگیری ناوچه‌كه".

بارزانی ده‌ڵێت: "ده‌مێكه گه‌یشتوومه‌ته ئه‌و بڕوایه‌ی كه پێویسته ریفراندۆمێك ئه‌نجام بدرێت و رێگه به خه‌ڵكی خۆمان بده‌ین بڕیار له چاره‌نووسی خۆیان بده‌ن، زۆر له‌مێژه ئه‌و باوه‌ڕه‌م هه‌یه، چونكه به‌غدا باوه‌ڕی به شه‌راكه‌تی ئێمه نییه".
وه‌ك گۆڤاره‌كه بڵاویكردووه‌ته‌وه، بارزانی ده‌زانێت كه ریفراندۆم یه‌كه‌م هه‌نگاوه بۆ ده‌ستپێكردنی گفتوگۆیه‌كی دوورودرێژ له‌گه‌ڵ به‌غدا، هاوكات بارزانی ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كردووه، به‌غدا تاكه لایه‌ن نییه كه دژی سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی كوردستانە.
گۆڤاره‌كه ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه كه، بارزانی نه‌كه‌وتووه‌ته ژێر كاریگه‌ری ئه‌و هه‌ڵوێستانه‌ی به‌غدا و ئه‌مه‌ریكا و له وه‌ڵامی پرسیاری گۆڤاره‌كه، سه‌باره‌ت به ئەگەری دابڕاندنی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ جیهان و سەپاندنی گە مارۆی ئابووری، ده‌ڵێت: "كورد ئاماده له برسان بمرێت نه‌ك له ژێر ده‌سته‌یی و چه‌وسانه‌وه‌دا بژی".
وه‌ك ئه‌و گۆڤاره ئهمهریكییهكهش ئاماژه‌ی بۆ كردووه، بارزانی چه‌ند مانگێكه ته‌مه‌نی بووه‌ته 70 ساڵ و هیچ كاتێك له ژیانی خۆی له ئامانجی سه‌ربه‌خۆیی بۆ كوردستان جیانه‌بووه‌ته‌وه و بارزانی له‌و باره‌یه‌وه ده‌ڵێت: "هه‌موو ژیانی خۆمم بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ته‌رخان كردووه".

كه‌وایه ریفرادۆمهكه بۆ سه‌ربه‌خۆییه‌و بارزانی ئه‌وه‌ش باش ده‌زانێت، ده‌بێت گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌غدا بكرێت و ئێستا كاتی ده‌ستپێكردنی جه‌نگ نییه له‌گه‌ڵ عێراق و به شێوه‌ی ئاشتیانه هه‌نگاو ده‌نێت، چونكه كوردی هه‌رێمی كوردستان ده‌یانه‌وێت به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ به‌غدا بڕیاری جیابوونه‌وه بده‌ن.
ئێستا كورد كارته گرنگه‌كه‌ی خۆی خستووه‌ته مه‌یدانی سیاسه‌تی داهاتوویه‌وه، له به‌رامبه‌ردا ژماره‌یه‌كی زۆر له چاودێران ته‌نها یه‌ك ده‌رفه‌ت له‌به‌رده‌م مانه‌وه‌ی عێراق به یه‌كپارچه‌یی ده‌بینین، ئه‌وێش ئه‌وه‌یه به‌غدا "ناوماڵه‌كه‌ی خۆی رێكبخاته‌وه‌و متمانه به پێكهاته‌كانی ناو سنووره ده‌ستكرده‌كه‌ی ببه‌خشێ، كه (كورد و سونه و شیعه و چه‌ندین پێكهاته‌ی نه‌ته‌وه‌یی و ئایینی دیكه‌ن) تا ببنه هاوبه‌شی راسته‌قینه له وڵاته‌كه‌دا".
ئه‌گینا عێراق دوا ماڵئاوایی له‌م سنوورانه‌ی ئێستای ده‌كات و كوردیش یه‌كه‌م پێكهاته ده‌بێت مقه‌ست له‌و سنووره درووستكراوانه ده‌دات كه زیاتر له 100 ساڵه به زۆر پێكه‌وه لكێندراون.
A.Qeredaxi