پنتاگۆن ورده‌كاری كوژرانی دوو سه‌ربازه‌كه ئاشكرا ده‌كات
پێشتر داعش به‌رپرسیارێتی راگه‌یاندبوو
K24 - هه‌ولێر:
وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مه‌ریكا، رۆژی دووشه‌ممه 14ی ئاب، هۆكاری كوژرانی 2 سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكی و برینداربوونی 5ی دیكه‌ی ئاشكرا كرد.
كۆلۆنێل رۆبێرت مانینگ، گوته‌بێژی پنتاگۆن رایگه‌یاند، گرفتێك له تۆپێكی دوورهاوێژی سوپای ئه‌مه‌ریكا هه‌بووه و هۆكاری كوژرانی دوو سه‌ربازه‌كه‌ش هه‌ر ئه‌و گرفته بووه، كه 5 سه‌ربازی دیكه‌ش برینداربوونه.
مانینگ دووپاتیشی كرده‌وه، یه‌كه‌ی تۆپه دوورهاوێژه‌كانی سوپا، سه‌رقاڵی بۆردومانكردنی مۆڵگه‌كانی داعش بوونه، كاتێك گرفت له تۆپه‌كه په‌یدا بووه و به‌هۆیه‌وه 7 سه‌رباز برینداربوون.
مانگین راشیگه‌یاند، رووداوه‌كه هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به بوونی چه‌كدارانی داعش نه‌بووه، هه‌رچه‌نده له‌و 7 برینداره دووانیان گیانییان له‌ده‌ستدا، به‌ڵام مانینگ ئاماژه به‌وه ده‌كات، ئێستا ته‌ندرووستی پێنج سه‌ربازه برینداره‌كه‌ی دیكه، جێگیره.
گوته‌بێژه‌كه‌ی پنتاگۆن ره‌تیشی كرده‌وه هیچ زانیارییه‌كی زیاتر له باره‌ی ئه‌و گرفت و كێشه‌یه بخاته‌ڕوو، كه له تۆپه دوورهاوێژه‌كه‌دا هه‌بووه.
رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ی رابردوو، هه‌واڵی كوژرانی دوو سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكی و برینداربوونی پێنج سه‌ربازی دیكه بڵاوكرایه‌وه، دواتریش رێكخراوی داعش به‌رپرسیارێتی خۆی له رووداوه‌كه راگه‌یاند، به‌ڵام گوته‌بێژی پنتاگۆن رایگه‌یاند، رووداوه‌كه په‌یوه‌ندی به داعشه‌وه نه‌بووه.