به تۆمه‌تى تاوانێك ده‌ستگيركران و دانيان به كوشتنى شه‌ش كه‌سدا ناوه
به‌كارهێنه‌رى ترياك بوونه و بازرگانيان پێوه كردووه
K24 – كه‌ركووك:
له راگه‌يه‌ندراوێكدا به‌ڕێوبه‌رايه‌تى پۆليسى قه‌زا و ناحييه‌كانى كه‌ركووك رايگه‌ياند، دوو كه‌سيان ده‌ستگيركردووه، كه به‌كارهێنه‌رى مادده‌ى هۆشبه‌ر بوونه و هاوكات دانيان به‌وه‌دا ناوه كه شه‌ش كه‌سيان له كات و شوێنى جياجيادا كوشتووه.
له راگه‌يه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه: له رێككه‌وتى 13ى ئاب/ ئۆگستى 2017، ته‌رمێك فڕێدرابوو له سنوورى قه‌ره‌هه‌نجير به ناوى (س.ع. ئيبراهيم)، له دواى ئه‌وه ده‌ستمان كرد به لێكۆڵينه‌وه له‌گه‌ڵ بنكه‌ى پۆليسى قه‌ره‌هه‌نجير و ليژنه‌يه‌كمان پێكهێنا و له ئه‌نجامدا 2 كه‌سمان ده‌ستگيركرد.
هه‌روه‌ها هاتووه: له دواى لێكۆڵينه‌وه له‌گه‌ڵياندا ئه‌و دووكه‌سه دانيان به‌وه‌دا نا كه ئه‌وان ناوبراويان كوشتووه و ئه‌مانه خه‌ريكى ترياك كێشان و فرۆشتنى بوونه و جگه له‌و هاووڵاتييه، 5 كه‌سى ديكه‌يان كوشتووه.
پۆليسى قه‌زا و ناحييه‌كان له باره‌ى تاوانه‌كانى ديكه‌ى ئه‌و دوو ده‌ستگيركراوه روونيكردووه‌ته‌وه، كه ئه‌و دوو كه‌سه له ماوه‌ى رابردوودا ئه‌م تاوانانه‌يان ئه‌نجامداوه:
1.له مانگى شوبات/ فێبرايه‌رى 2017، كه‌سێكيان به ناوى فه‌لاح دانيشتووى گه‌ڕه‌كى ئيسكان له نزيك به‌نداوى خاسه‌ى كه‌ركووك كوشتووه
2.له مانگى كانوونى دووه‌م/ يه‌نايرى 2017، كه‌سێكيان به ناوى ئاكۆ موسڵاوى به ره‌چه‌ڵه‌ك كورد له نزيك فلكه‌ى تكريت فڕێداوه و ئه‌و كه‌سه خه‌ڵكى ناحيه‌ى كه‌ڵه‌كى سه‌ر به پارێزگاى هه‌ولێر بووه.
3.هه‌ر له هه‌مان مانگ، كه‌سێكى ديكه‌يان به ناوى ئه‌حمه‌د به ره‌چه‌ڵه‌ك عه‌ره‌ب له شارۆچكه‌ى پردێ كوشتووه و ئه‌و كه‌سه ئاواره بووه و ته‌رمه‌كه‌يان فڕێداوه‌ته ئاوى پردێ.
4.له مانگى ئابى 2016، كه‌سێكيان به ناوى محه‌ممه‌د له نه‌ته‌وه‌ى عه‌ره‌ب له سه‌ر رێگه‌ى داقووق كوشتووه.
5.له مانگى ئايارى 2017، كه‌سێكى ديكه‌يان به ناوى ئومێد كوشتووه و ته‌رمه‌كه‌يان له فلكه‌ى تركلان فڕێداوه.