ئیمام خومه‌ینی له به‌رتله‌یه
"سوننه‌كان رۆڵیان نه‌ماوه‌و قوتابخانه‌كه ئیستیفزازكرنمانه"
K24 - هه‌ولێر:
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی چه‌ند جاریك ژماره‌یه‌ك له سیاسییه عێراقییه‌كان هۆشدارییاندا، كه ئێران به هه‌موو شێوه‌یه‌ك ده‌ستوه‌رده‌داته كاروباری عێراق، جا له رێگه‌ی چه‌كداركردنی میلیشیاكان و پاڵپشتیكردنیان بێت یان ریگاكانی دیكه، وه‌ك درووستكردنی قه‌یرانی سیاسی له وڵات له ژیر عه‌بای نێوه‌ندگیریدا، به‌ڵام ئیستیفزاركردنی عێراقییه‌كان له لایه‌ن ئێرانه‌وه به‌رده‌وامه.
دواجار هه‌فته‌ی رابردوو روویدا، كاتێك قوتابخانه‌یه‌ك به ناوی "ئیمام خومه‌ینی" له گوندێكی شاره‌دێی به‌رتله‌ی سه‌ر به پارێزگای مووسڵ كرایه‌وه، بووه به‌هۆی مشت‌ومڕ و مایه‌ی سه‌رسوڕمانی و چالاكوانانی تۆڕه كۆمه‌لایه‌تییه‌كان و به‌رپرسان، ئه‌و ناوه به ئیستیفزازكردنی خه‌ڵكی ناوچه‌كه ده‌زانن.
حسێن حامد، به‌ڕێوه‌به‌ری به‌شی باڵه‌خانه‌ی قوتابخانه‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی په‌روه‌رده‌ی مووسڵ، سه‌ر به وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده ده‌ڵێت: "مشتومڕی زۆر له نێوان په‌روه‌رده‌ی مووسڵ و ئه‌وانه‌ی له پرۆژه‌كه سوودمه‌ندن هاته ئاراوه له‌سه‌ر ناوه‌كه‌ی، چونكه ناوی ئه‌و قوتابخانه‌یه به فه‌رمی له تۆماره‌كانی په‌روه‌رده‌ی نه‌ینه‌وادا "قوتابخانه‌ی زه‌هرا"ـیه، به‌ڵام له ده‌ره‌وهو له ناو خه‌ڵكدا هه‌ر به ناوی "ئیمام خومه‌ینی" ماوه‌ته‌وه".

حامد ده‌ڵێت: "به پاره‌ی كۆماری ئیسلامی ئێران نۆژه‌نكراوه‌ته‌وه، رۆژی پێنج شه‌ممه‌ی رابردوو كراوه‌ته‌وه، مورته‌زا عه‌بادی، كونسوڵی كۆماری ئیسلامی ئێران له هه‌ولێر خۆی كردیه‌وه".
ئه‌و قوتابخانه‌یه ساڵی 2014 پێش ئه‌وه‌ی داعش ناوچه‌كه داگیر بكات درووستكرا، به‌ڵام ته‌واونه‌كرابوو، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش له ماوه‌ی جه‌نگه‌كه‌شدا زیانی زۆری پیگه‌یشتبوو، بۆمبی چێنراوی زۆریشیان تێدا جێهێشتبوو".
شاره‌دێی به‌رتله پێكهاته‌ی جۆراوجۆری تێدان، كوردی شه‌به‌ك و عه‌ره‌بی سوننه و شیعه و كریستیانه‌كانی تێدا ده‌ژین.
به‌ڵام چالاكوانان ئه‌و هه‌نگاوه‌ی ئێران به كارێكی ئیستیفزازی ناو ده‌به‌ن، چونكه به پێویستی نازانن ناوی خومه‌ینی له قوتابخانه‌یه‌ك بنرێت.

ئه‌سیل نوجیفی پارێزگاری پێشووی نه‌ینه‌وا له‌وباره‌وه ده‌ڵێت: "عێراقییه‌كان له ژێر حوكمی ره‌شی داعش رزگاریان بووه‌و كه‌وتوونه‌ته‌وه ناو قه‌یران و كێشه‌ی نوێوه، ئێستا مووسڵ كه‌وتووه‌ته قه‌یرانی نه‌بوونی دیدگایه‌كی روون بۆ ئاینده‌ی و داوا له كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی ده‌كه‌ین قه‌یرانه‌كانی ناوچه‌كه‌یان چاره‌سه‌ر بكرێت.
ده‌ڵێت: "ده‌وڵه‌تی عێراق هیچ بایه‌خێك به ناوچه‌كانیان نادات و هێزه ئه‌منییه‌كان لاوازن و گه‌نده‌ڵی و دزی ماڵی خه‌ڵك و ماڵی گشتی ته‌شه‌نه‌ی سه‌ندووه‌و كۆمه‌ڵگای سوننه‌كانی عێراق هیچ رۆڵێكیان نه‌ماوه كه پێویست بوو بۆ نه‌هێشتنی پاشماوه‌ی داعش و فیكری توندڕه‌وی هه‌یانبێت.
هه‌روه‌ها گوتوویانه :"چاوه‌روانین و هیوامان وایه، كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی چاكسازی له‌و گه‌نده‌ڵی و بێسه‌روبه‌رییه‌دا بكات و سه‌رله‌نوێ ده‌ست به بنیاتنانه‌وه‌ی ناوچه وێرانكراوه‌كان بكاته‌وه، بینینی قوتابخانه‌یه‌ك به ناوی "ئیمام خومه‌ینی" به ئیستیفزازكردنێكی نوێ بۆ هاووڵاتیانمانی ده‌زانین".