فراكسیۆنە كوردستانییەكان بە مەرج بەشداری كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق دەكەن

فراكسیۆنە كوردستانییەكان یەك ھەڵوێستن

K24 - بەغدا

فراكسیۆنە كوردستانییەكان ئاشكرای دەكەن، بەو مەرجە بەشداری لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەكەن كە باس لە بابەتی كەركووك و ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان بكرێت.

ئارام شێخ محەمەد، جێگری پەرلەمانی عێراق لە پشكی بزووتنەوەی گۆڕان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "لە گفتوگۆداین لەگەڵ دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و فراكسیۆنە جیاوازەكان بۆ ھێوركردنەوەی بارودۆخەكە، چونكە كاریگەری خراپی كردووەتە سەر ژیانی خەڵك، نامانەوێت بگاتە حاڵەتێكی خراپتر و دۆخەكە ئاڵۆزتربێت".

گوتیشی: "بە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانمان گوتووە ئەگەر بابەتی پەیوەندیداری بە كەركووك لە كۆبوونەوەی پەرلەمان ھەبێت، ئەوا ئامادەین وەك فراكسیۆنە كوردستانییەكان لەبەر خاتری كەركووك بەشداری كۆبوونەوەكە بكەین، بەڵام دواتر لەسەر ئەوە رێك نەكەوتین، چونكە ئەو بڕگەیە لە بەرنامەی كاری كۆبوونەوەكە لادرابوو كە پەیوەندی بە ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانەوە ھەیە".

رۆژی 12 ئەم مانگە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستانی رەتكردەوە، ئەمەش وایكرد فراكسیۆنە كوردستانییەكان بایكۆتی كۆبوونەوەكانی پەرلەمانی عێراق بكەن، دوو رۆژ دوای ئەوە لە 14/9/2017، بەبێ بەشداری پەرلەمانتارانی كورد، پەرلەمانی عێراق بڕیاری لەكارلادانی نەجمەدین كەریم، پارێزگاری كەركووكی پەسند كرد.