ئێران ناوچە سنوورییەكانی كوردستان تۆپباران دەكات
"ھیچ بارەگایەكی حزبەكانی رۆژھەڵاتی كوردستان لەو سنوورە نەماوە"
K24 - چۆمان
لە بەیانی ئەمڕۆوە تۆپخانەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران، ناوچە سنوورییەكانی كوردستان لە سنووری قەزای چۆمان بۆردوومان دەكەن.
پەیامنێری كوردستان24 لە ناوچەكە رایگەیاند: "تۆپخانەكانی ئێران ھەر یەك لە ناوچە كوێستانییەكانی بەردەسۆران، دینۆی گەورە و بچووك، چیخیدەر، كونەڕێ، شێلمجار، گۆمی چلدار و چەند ناوچەیەكی دیكە لە سنووری گوندەكانی ئاڵانە و گوندەژۆری سەربە قەزای چۆمان بۆردوومان دەكەن".
گوتیشی: "پێشتر چەندین جار ئێران بە بیانووی بوونی بارەگای پارتەكانی رۆژھەڵاتی كوردستان تۆپبارانی ئەو شوێنانەی دەكرد، بەڵام لە مانگی رابردووەوە ھیچ بارەگایەكی حزبەكانی رۆژھەڵات لەو سنوورە نەماوە".
پەیامنێرمان راشیگەیاند: "ئەو ھێزەی لە چەند رۆژی رابردوو ئێران لە سنوورەكان كۆكردبووەوە كشاوەتەوە و سنوورەكەیان چۆڵكردووە".