مەولود باوەمراد: تا ئێستا پێچەوانەی یاساكانی ھێڵی فڕۆكەوانی عێراق كارمان نەكردووە

"ئەو بڕیارە گورزی كوشندەیە بۆ ئابڕۆ و متمانەی دەسەڵاتی فڕۆكەوانی عێراق"

K24 - ھەولێر

لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەبارەی بڕیاری حكوومەتی عێراق بۆ وەستاندنی گەشتە ئاسمانییەكانی ھەرێمی كوردستان مەولود باوەمراد، وەزیری گواستنەوەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند، تا ئێستا پێچەوانەی یاساكانی ھێڵی فڕۆكەوانی عێراق كارمان نەكردووە و ئەو بڕیارەی حكوومەتی عێراق گورزی كوشندەیە بۆ ئابڕۆ و متمانەی دەسەڵاتی فڕۆكەوانی .

گوتیشی: "ئەگەر بڕیارەكەی بەغدا سزادانی گەلی كوردستان بێت، لەبەر ئەوەی ریفراندۆمی بۆ سەربەخۆیی و بڕیاردان لە چارەنووسی خۆی ئەنجامداوە، ئەوا بێگومان گفتوگۆكان ئەنجامیان نابێت، ئەم جۆرە ھەنگاوانە دەست ئەگەر بڕیارێكی سیاسی بێت، رێگر دەبێت لەبەرامبەر ھەر گفتوگۆ، لە ھەمانكاتدا گورزێكی كوشندەیە بۆ ئابڕۆ و متمانەی دەسەڵاتی فڕۆكەوانی عێراق".

مەولود باوەمراد راشیگەیاند: "ھەردوو فڕۆكەخانەی ھەولێر و سلێمانی لەسەر بودجەی ھەرێمی كوردستان و بە مۆڵەتی حكوومەتی عێراق و رێنماییەكانی ھێڵی فڕۆكەوانی كاری كردووە".

ھەر لەو كۆنگرە رۆژنامەوانییەدا ھەردوو بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی ھەولێر و سلێمانی ئامادەبوون و روونكردنەوەی لەسەر كار و پەیوەندییان لەگەڵ ھێڵی فڕۆكەوانی عێراقدا.

تەلار فایەق، بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی ھەولێر گوتی: "ئەم بڕیارەی بەغدا بڕیارێكی نایاساییە و ھەڵەیە، ئەم بڕیارە ئەگەر جێبەجێش بكرێت زۆر ناخەیەنێت".

ھەر پەیوەست بەو بڕیارە تاھیر عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی سلێمانی رایگەیاند: "ئێمە لەماوەی رابردوودا ژێرخانی فڕۆكەوانی باشمان لە ھەرێمی كوردستان دروستكردووە و پابەندی بڕیارەكانی ھێڵی فڕۆكەوانی عێراق بووینە".