"ئەمریکا رێگە لە پەلاماردانی کوردستان دەگرێت"
"پێویستە خەڵکی کوردستان ئەو هەل و ئازادییەیان بۆ برەخسێت تا خەونەکانیان بەدی بهێنن"
K24 - واشنتن
سیناتۆرێكی بەناوبانگی ئەمریکی هۆشیاری دەدات و دەڵێ فراوانبوونی گرژییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا تەنیا لە بەرژەوەندی ئێران و وڵاتانی دیکەیە، ماکرۆ روبیۆ، سیناتۆری کۆماریخواز، لە لێدوانێکی تایبەت بە کوردستان24 دەڵیت پێویستە خەڵکی کوردستان ئەو هەل و ئازادییەیان بۆ برەخسێت تا خەونەکانیان بەدی بهێنن.
ماکرۆ روبیۆ سیناتۆری بەناوبانگی ئەمریكی دەڵێت: "ئەمە بابەتێکە کە من پێموایە پێویستە بەشێك بێت لە دیالۆگی بەردەوام لە داهاتوودا، بەڵام ئەوەی پەیوەندیی بە ئێستاوە هەبێت و بەهۆی ناسەقامگیریی ناوچەکە هیوادارم هەم بەغدا و هەم هەولێر ئەم گرژییانە خاو بکەنەوە کە بە جۆرێك لە جۆرەکان زیان بە هەر دوولا دەگەیەنێت و ئێران و ئەوانی دكەش بەهێز دەکات، نەک بەنیازی کۆنترۆڵکردنی عێراقن بەڵکۆ دەیانەوێت کوردستانیش کۆنترۆڵ بکەن، بۆیە من داوا لە خەڵکی کوردستان ناکەم تا لە خەونەکانیان و لە سەربەخۆیی و توانایان بۆ دایلۆگ و پێگەیان لە داهاتوودا نائومێد بن، بەڵام دەبێ ئاگادار بین لە ئەنجامدانی ئەم کارە شتێکی بەرهەمدارمان دەست بکەوێت".
ئەو كۆنگرێسمانە گوتیشی: "پێموایە زۆر لایەن هەن کە بە هۆکاری جیاواز دەیانەێت ناسەقامگیری لە ناوچەکە بەردەوام بێت، بەڵام ئەمە ویستی ئێمە نییە، ئێمە سەقامگیریمان دەوێت، ئێمە دەمانەوێت خەڵکی کوردستان ئەو ئازادی و هەلەیان بۆ بڕەخسێت کە هەوڵی بەدیهێنانی خەونەکانیان بدەن، یەکێك لە هەڕەشەکانی ئەوان دیکەن بەکارهێنانی هێزە لە رێگەی یەکێك لە میلیشیاکانیان بۆ ئەوەی شەڕێك دابگیرسێنن و وەك بیانۆیەك بەکاری بهێنن، ئەو شتەی کە ئێمە ئێستا پێمان دەکرێت ئەوەیە نەهێڵێن ئەم شەڕە کە ناسەقامگیریی لێدەکەوێتەوە روو بدات".