دوای مام جەلال یەكێتی یەكەم كۆبوونەوە ئەنجامدەدات

"رەنگە پۆستی سكرتێر لە نێو یەكێتییدا بگۆڕدرێت بۆ ھاوسەرۆك"

K24 - سلێمانی

ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی ئاشكرای كرد، مەكتەبی سیاسی لەم دوو رۆژەدا كۆدەبێتەوە و پێویستە لە ماوەیەكی نزیكدا بۆ نوێبونەوەی یەكێتی كۆنگرە ببەسترێت.

وەستا رەسوڵ، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند: "وەك كۆمیتەی سەركردایەتی ھیچ ئەجندایەكی كۆبوونەوەمان نییە، بەڵام بڕیارە مەكتەبی سیاسی ئەمڕۆ یان سبەی كۆببێتەوە".

گوتیشی: "دەبێ یەكێتی وەك بیلبیلەی چاومان بپارێزین و پێویستە لە ماوەیەکی نزیکدا کۆنگرە ببەسترێت، چونکە کۆنگرە دەبێتە هۆکارێک بۆ نوێبوونەوەی یەکێتی".

 سەبارەت بە پۆستی سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش وەستا رەسوڵ گوتی: "رەنگە پۆستی سکرتێری گشتی بۆ دەستە یاخود هاوسەرۆکی بگۆڕدرێت".