لە خورماتوو تەقە لە بارەگاكانی یەكێتی كرا

"ھەوڵیاندا بارەگایەك كۆنترۆڵ بكەن"

K24 - خورماتوو

پەیامنێری كوردستان24 لە خورماتوو رایگەیاند: "شەوی رابردوو چەكدارانی حەشدی شەعبی ھێرشیان كردەسەر چەند بارەگاكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە خورماتوو".

مەلا كەریم، لێپرسراوی مەڵبەندی 16 حەمرینی یەكێتی بە كوردستان24 راگەیاند: "شەوی رابردوو نارنجۆكێك لەلایەن چەكدارێكی حەشدی شەعبی فڕێدرایە بارەگایەكی پێشمەرگە لە گەڕەكی جەمیلەی خورماتوو، ئەمەش بووە ھۆی دروستبوونی شەڕو تەقە، دوای ئەوە تەقە لە بارەگای مەڵبەندی حەمرینی یەكێتی كرا، ھەروەھا تەقە لە بارەگای كۆمیتەی 3 و چەند شوێنێكی دیكە كرا، ئێمە ھەر لە سەرەتاوە ھەوڵماندا رەوشەكە ئاڵۆزتر نەبێت".

گوتیشی: "بارەگای مەڵبەندی ئێمە نزیكەی 20 ئارپیجی لێدراوە، ھەندێك جار پێشمەرگەكانی ئێمە بە ناچاری وەڵامی تەقەكەی ئەوانیانداوەتەوە، حەشد ویستیان بچنە ناو بارەگای كۆمیتەی سێی یەكێتی، بەڵام پێشمەرگە تا بەرەبەیانی بەرگریان كرد و نەیانھێشت چەكدارانی حەشدی شەعبی بێنە پێشەوە".

راشیگەیان: "ھەر لەكاتی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی ریفراندۆمەوە تا ئێستا چەكدارانی حەشدی شەعبی ویستویانە شەڕ و ئاڵۆزی لەم ناوچەیە دروست بكەن و كێچەڵ بە بارەگا و ماڵە كوردەكان دەكەن، بەڵام ئێمە خۆمان لە شەڕلاداوە".