كوردستان 24 ده‌قى راگه‌يه‌ندراوى هاوبه‌شى پارتى و يه‌كێتى بڵاوده‌كاته‌وه‌

له‌سه‌ر پێنج خاڵ رێككه‌وتووين

K24 – هه‌ولێر:

لێپرسراوى ده‌سته‌ى كارگێڕى مه‌كته‌بى سياسى يه‌كێتى نيشتيمانى كوردستان، مه‌لا به‌ختيار رايگه‌ياند، ئێمه‌ له‌سه‌ر پێنج خاڵ رێككه‌وتووين و له‌ راگه‌يه‌ندراوێكى هاوبه‌شدا به‌ ره‌سمى بڵاويان ده‌كه‌ينه‌وه‌.

كه‌مێك پێش ئێستا كۆنگره‌ى رۆژنامه‌وانى نێچيرڤان بارزانى جێگرى سه‌رۆكى پارتى ديموكراتى كوردستان و مه‌لا به‌ختيار لێپرسراوى ده‌سته‌ى كارگێڕى مه‌كته‌بى سياسى يه‌كێتى نيشتيمانى كوردستان ده‌ستيپێكرد.

له‌ كۆنگره‌كه‌دا مه‌لا به‌ختيار رايگه‌ياند، ئێمه‌ گه‌يشتووينه‌ته‌ رێككه‌وتن و ئه‌و راگه‌يه‌ندراوه‌ هاوبه‌شه‌ ديدگاى هاوبه‌شى ئێمه‌يه‌ بۆ ديالۆگ.

ده‌قى رێككه‌وتننامه‌كه‌

راگه‌يه‌ندراوى كۆبوونه‌وه‌ى هاوبه‌شى

پارتى ديموكراتى كوردستان و يه‌كێتى نيشتمانى كوردستان

له‌ (15/10/2017) له‌ دوكان، باره‌گاى هاوينه‌ هه‌وارى سه‌رۆك مام جه‌لال، كۆبوونه‌وه‌ى هاوبه‌شى مه‌كته‌بى سياسى (يه‌كێتى – پارتى) ئه‌نجامدراو، دۆخى عێراق و ناوچه‌كه‌ و كوردستان، هه‌ڵسه‌نگێندرا، سه‌ره‌نجام:

يه‌كه‌م/ جه‌خت له‌سه‌ر يه‌كڕيزى گه‌له‌كه‌مان و هێزه‌ سياسييه‌كانى كوردستان كرايه‌وه‌، كه‌ ده‌سته‌به‌رى راپه‌ڕاندنى ئه‌ركه‌ هاوبه‌شه‌كانن، له‌م قۆناغه‌دا.

دووه‌م/ كۆبوونه‌وه‌، سووربوونى خۆى له‌سه‌ر چاره‌سه‌ركردنى تێكڕاى كێشه‌كان، به‌ديالۆگێكى بێ مه‌رجى به‌رپرسيارانه‌ى بونياتنه‌ر له‌نێوان هه‌ولێر – به‌غداد راده‌گه‌يه‌نێ.

سێيه‌م/ هێزه‌ كوردستانييه‌كان، ئێستاش، هه‌ر ئاماده‌ن گفتوگۆيه‌كى بێ مه‌رج و كراوه‌و بونياتنه‌ر، له‌سه‌ر بنه‌ماى به‌رژه‌وه‌ندى به‌غداد و هه‌ولێر و پرنسيپه‌ ده‌ستورييه‌كان، ئه‌نجامبده‌ن.

چواره‌م/ كۆبوونه‌وه‌، له‌به‌رژه‌وه‌ندى هه‌موو لايه‌كى ده‌زانێ، لايه‌نه‌ سياسييه‌ سه‌ره‌كييه‌كانى عێراق و كوردستان به‌شدارى دانوستاندنى نێوان هه‌رێم و به‌غداد بكه‌ن، هه‌روه‌ها لايه‌نه‌ نێوده‌وڵه‌تييه‌كانيش چاودێرى پرۆسه‌كه‌ بكه‌ن.

پێنجه‌م/ له‌سه‌ر كێشه‌ى سه‌ربازيى و ئاساييش، له‌ناوچه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان، يان هه‌ر شوێنێكى ديكه‌، هه‌موو چه‌شنه‌ ده‌ستێوه‌ردانێكى سه‌ربازى، يان جوڵاندنى هێز و هه‌ڕه‌شه‌ و گوڕه‌شه‌، جگه‌ له‌ مه‌ترسييه‌كانى له‌سه‌ر په‌يوه‌ندى هه‌رێم و به‌غداد، هه‌ڕه‌شه‌شه‌ له‌سه‌ر هه‌ر جۆره‌ هه‌وڵێكى راستگۆيانه‌، بۆ چاره‌سه‌رى ئاشتييانه‌ى كێشه‌كان. هه‌روه‌ها راسته‌وخۆ پێشێلكردنى ياسا و رێسايه‌ كه‌ بڕياريان لێ دراوه‌، هێزه‌ چه‌كداره‌كانى عێراق، بۆ يه‌كلايى كردنى كێشه‌ سياسييه‌ ناوخۆييه‌كان، به‌كاربهێندرێ.

له‌ كۆتايشدا، هه‌ردوولا، سڵاو بۆ پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان ده‌نێريين، كه‌ له‌ شه‌ڕى تێكشكاندنى داعشدا، پێناسه‌ى پارێزه‌رى ئازادى جيهانيان وه‌رگرت و ئێستاش، سه‌نگه‌رى پێشه‌وه‌ى به‌ديهێنانى ئامانجه‌كانمانن.

پارتى ديموكراتى كوردستان

يه‌كێتيى نيشتمانيى كوردستان