بەرپرسێكی یەكێتی: ئەگەر رێككەوتنیان دەكرد با خەڵكیان ئاگاداركردبایەوە

"ئەوەی لە خورماتوو كرا لە ئەنفالی ساڵی 1988 نەكراوە"

K24 - گەرمیان

جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی حەمرینی یەكێتی رایدەگەیەنێت، ئەوەی ئێستا لە خورماتوو دەكرێت لە ئەنفالی ساڵی 1988 نەكراوە، ئەگەر رێككەوتنیان دەكرد با خەڵكیان ئاگاداركردبایەوە نەك ئەو ھەموو خەڵكە شەھید و ئاوارەبێت و حەشدی شەعبی بەمشێوەیە زوڵم لە خەڵكی خورماتوو بكات.

حەسەن بارام، جێگری لێپرسراوی مەڵبە ندی حەمرینی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە كوردستان24 راگەیاند: "ئەوەی لە خورماتوو كرا لە ئەنفالی ساڵی 1988 خراپتربوو، خورماتوو خەڵكەكەیان بە تەنیا جێھێشت و چەندین شەھید و بریندرمان ھەیە، ئەگەر رێككەوتنیان دەكرد با ئێمەیان ئاگادار بكرایەوە، سێ رۆژە ئێمە ئەنفالكراوین، بە بێ نان و ئاو دەژین، كوا پاڵەوانەكانی شاشە بۆ لێمان ناپرسنەوە".

گوتیشی: "ئێستا حەشدی شەعبی لە خورماتوو، خەریكی تەقاندنەوە و تاڵانكردنی ماڵی كوردەكان، سوكایەتی بە خەڵك دەكەن، من سێ ساڵ پێش ئێستا گوتم حەشد دوژمنی كوردە، لەسەر ئەوە لێپرسینەوەم لەگەڵ كرا، ئێستا دەكەوت قسەكەی ئێمە راست بوو".

راشیگەیاند: "ئەگەر بەسەر بەرزی دەمانگەڕێنەوە خورماتوو ئەگەرنا لەگەڵ خەڵكی خۆمان دەچینە ناوخورماتوو، با لەوێ بكوژرێین ژیان ھیچ بەھایەكی نەماوە بۆ ئێمە".