كۆسرەت ڕەسول و عه‌لی باپیر ئیدانه‌ی له‌شكركێشی حه‌شدی شه‌عبی ده‌كه‌ن بۆ سه‌ر كوردستان

هه‌ردوولا له‌ شاری سلێمانی كۆبوونه‌وه‌

K24 - هه‌ولێر:

ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە 22/10/2017 كۆسرەت ڕەسول عەلی جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەشاری سلێمانی پێشوازیكرد لە مامۆستا عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان و وەفدێكی ئەنجومەنی سیاسی كۆمەڵ.

لە دانیشتنێكی دۆستانەدا باسی هەلومەرجی سیاسی كوردستان كرا بە تایبەت پاش لەشكركێشییەكانی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق بۆ سەر هەرێمی كوردستان و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان.

پاش گفتوگۆیەكی تێروتەسەل هەردوولا بەتوندی ئیدانەی ئەو كارەیان كرد كە بووە هۆی شەهیدو برینداربوونی پۆلێك لە پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستان و ئاوارەكردنی زیاتر لە سەد و پەنجا هەزار كەس لە دانیشتوانی كەركووك و دوزخوورماتوو و شار و شارۆچكەكانی ناوچە كوردستانییەكان و سووتاندن و تاڵانكردنی ماڵ و سەروەت و سامانی هاووڵاتیان و پێشێلكارییەكی زۆری نامرۆڤانەی ئەو هێزانەی كە بۆ گەلەكۆمەكی لە شوێنە جیاجیاكانەوە هێنرابوونە سەر كەركووك و شار و شارۆچكەكانمان.

هەروەك ستایشی ڕۆڵی جوامێرانەی ئەو هێزانەی پێشمەرگەی كوردستان كرا كە ڕۆڵی خۆیان لە پاراستنی خاكی پیرۆزی دیوەو سڵاویان نارد بۆ گیانی پاكی شەهیدە قارەمانەكان و هیوای زوو چاكبوونەوەیان بۆ بریندارەكان خواست.

لەبەشێكی تری كۆبوونەوەكەداو پەیوەست بە بڕیاری دادگا بۆ دەستگیركردنی كۆسرەت ڕەسول عەلی، مامۆستا عەلی باپیر ڕایگەیاند كە ئەم بڕیارە سەروەرییە بۆ پیاوێكی خەباتگێڕی وەك كۆسرەت ڕەسول عەلی.

تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكە تایبەت بوو بە ئەركە هەنووكەییەكانی هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان و چۆنیەتی خۆڕێكخستنەوەو دروستكردنی یەكڕیزی لە ناوخۆداو خۆسازدان بۆ ئەركەكانی ئێستا و ئایندە لە ئاستی ئەو بەرپرسیارێتییەی كە لەسەر شانمانە بەرامبەر گەلەكەمان.