زه‌رده‌شت خالید: دادگای فیدرالی ناتوانێت ئه‌نجامی ریفراندۆم هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه
سڕكردنی ریفراندۆم هیچ كاریگه‌رییه‌كی له‌سه‌ر ئه‌نجامی ریفراندۆم نییه و ده‌توانرێت كار به ئه‌نجامه‌كه‌ی بكرێت
K24 - هه‌ولێر:
زه‌رده‌شت خالید، مامۆستای زانكۆ و پسپۆری ده‌ستووری، له باره‌ی ئه‌نجامدانی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان رایگه‌یاند، ریفراندۆمه‌كه له‌گه‌ڵ ده‌ستووری عێراق یه‌كده‌گرێته‌وه و ناده‌ستووری نییه و دادگای فیدرالیش ده‌سه‌ڵاتی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجامی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی كوردستانی نییه.
زه‌رده‌شت خالید، له میانی به‌شداریكردنی له به‌رنامه‌ی باسی رۆژی كوردستان 24، سه‌باره‌ت به سڕكردنی ئه‌نجامه‌كانی ریفراندۆمیش رایگه‌یاند، له ئه‌گه‌ری سڕكردنیشیدا، هیچ له لایه‌نی یاسایی ئه‌نجامی ریفراندۆمه‌كه ناگۆڕێت و له هه‌ر كاتێكدا ده‌توانرێت كاری پێ بكرێت و سه‌ربه‌خۆیی له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌نجامی ریفراندۆمه‌كه رابگه‌یه‌ندرێت.
زه‌رده‌شت خالید راشیگه‌یاند، سه‌عد حه‌دیسی گوته‌بێژی نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق "درۆی" به‌ناوی دادگای فیدرالی كردووه و به‌ناوی ئه‌وانه‌وه گوتوویه‌تی دادگای فیدرالی داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ریفراندۆمی كردووه.
روونیشی كرده‌وه، ئه‌و لێدوانه‌ی "حه‌دیسی" به‌سه‌ر ته‌واوی میدیاكان و په‌رله‌مانتارانی عێراق و به‌رپرسانی هه‌رێمی كوردستانیشدا ره‌تبووه، له‌كاتێكدا بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدرالی، ته‌نها باس له راگرتنی ده‌كات، تا ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی یه‌كلاده‌كرێته‌وه.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدرالی، به زۆرینه ده‌ركراوه و دادوه‌ره كورده‌كان ده‌نگیان بۆ نه‌داوه، ئه‌وه‌ش خاڵێكی ئه‌رێنییه بۆ ریفراندۆمی هه‌رێمی كوردستان.
له باره‌ی داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجامی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی كوردستان، له‌لایه‌ن دادگای فیدرالی عێراقه‌وه، رایگه‌یاند، دادگای فیدرالی ناتوانێت ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه.
هه‌روه‌ها رایگه‌یاند، ئه‌و بڕیاره‌ی دادگای فیدرالی ته‌نها "فه‌رمانێكی كارگێڕییه" و له‌سه‌ر داوای لایه‌نێكی كێشه‌كه و له به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌وانیش ده‌ركراوه، كه ده‌بێت له ماوه‌ی 3 رۆژدا ناوه‌ڕۆكی كێشه‌كه یه‌كلایی بكرێته‌وه.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، ته‌نانه‌ت حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به شێوه‌یه‌كی فه‌رمی له ناوه‌ڕۆكی ئه‌و بڕیاره ئاگادارنه‌كراوه‌ته‌وه.
روونیشی كرده‌وه، پرسی "ته‌بلیغ" و ئاگاداركردنه‌وه له دادگای فیدرالی، وه‌كو ده‌ركردنی یاسایه، تا له شوێنی تایبه‌تمه‌ند بڵاونه‌كرێته‌وه، هیچ كاریگه‌رییه‌كی نابێت و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش به شێوه‌یه‌كی فه‌رمی له ناوه‌ڕۆكی ئه‌و بڕیاره ئاگادار نه‌كراوه‌ته‌وه، كه‌واته ئه‌گه‌ر ئاگاداریش بێت، هیچ كاریگه‌رییه‌كی نابێت.