"واشنتۆن بە بێدەنگی بمێنێتەوە بەرامبەر میلیشیا شیعەکان کورد لە دەستدەدات"
جەی گارنەر: ئێران نایەوێ ئەمریکا هیچ هاوپەیمانێکی هەبێت
K24 - ھەولێر
چاودێرانی سەربازی ئەمریکا هۆشداریدەدەن، ئەگەر ئەمریکا بە شێوەی ئێستا بێدەنگی بەرامبەر هەڵسوکەوتەکانی میلیشیا شیعەکان بکات، ئەوا واشنتن دۆستەکانی خۆی لەدەستدەدا کە ئەویش کوردە، هاوکات جەی گارنەر، حاکمی پێشووی سەربازی ئەمریکا لە عێراق رایگەیاند، ئێران نایەوێ ئەمریکا هیچ هاوپەیمانێکی هەبێ، بۆیە دژایەتی هەولێر دەکات.
داگیرکردنی کەرکووك هێندەی دیكە ناکۆکی ناو ئەمریکاییەکانی لە بارەی داهاتووی عێراقەوە زیادکرد، بەشێك پێیانوایە کە واشنتن ستراتیژیترین هاوپەیمانی خۆی لە عێراق لە کورد بوو دۆڕاند چونکە وەك دەڵێن، ئێران بە ئاشکرا پاڵپشتی لە هاوپەیمانەکانی کرد و ئەمریکاش بێدەنگ بوو.
جۆناسان سپیر، چاودێری سیاسی رایگەیاند: "نازانم کۆتاییەکەی چۆنە، بەڵام ئێستا کورد لە کێشەیەکی گەورەدایە، بیرمان نەچێت رۆڵی ئێران زۆر بە ئاشکرا دیار بوو، سەرکردەی سوپای قودس قاسم سولەیمانی، چەند رۆژێك بەر لە ئۆپەراسیۆنەکە لە کەرکووك بوو، زۆر خەمبارم کاتێک دەبینم میلیشیا شیعەکان تانکی ئەبرامز لە دژی کورد بەکاردەهێنن، لە کاتێکدا ئەم تانکە هی ئەمریکایە و پێشم وانییە باجدەری ئەمریکی بەم شتە رازیبێت".
ھەر پەیوەست بەم باسە جەی گارنەر، حاکمی پێشووی سەربازی ئەمریکا لە عێراق دەڵێت: "دەکرێ ئێمە هاوپەیمانێکی بەهێزمان هەبێ کە ئەویش کوردە، ئێران نایەوێ ئەوە رووبدات، بۆیە دژی کوردە پێموایە پێویستە هاوکاریان بکەین".