به ڤیدیۆ.. CIA ئاهه‌نگی هاوسه‌رگیری كوڕه‌كه‌ی ئوسامه بن لادن بڵاوده‌كاته‌وه
ئاهه‌نگه‌كه له ئێران ئه‌نجامدراوه و له كۆمپیوته‌ره تایبه‌ته‌كه‌ی بن لادن ده‌رهێنراوه
K24 - هه‌ولێر:
ئاژانسی هه‌واڵگری ناوه‌ندی ئه‌مه‌ریكا "CIA"، گرته‌ی ڤیدیۆیی ئاهه‌نگی هاوسه‌رگیری حه‌مزه بن لادن، كوڕی ئوسامه بن لادنی به‌رپرسی پێشووی رێكخراوی تیرۆریستی قاعیده بڵاوده‌كاته‌وه، كه له ئێران تۆماركراوه.
گۆڤاری "Long War Journal"ى سه‌ر به دامه‌زراوه‌ی به‌رگری له دیموكراتیی نزیك له سی ئای ئه‌ی ئه‌مه‌ریكی بڵاویكردووه‌ته‌وه، یه‌كه‌مجاره ئه‌و گرته ڤیدیۆییانه بڵاوده‌كرێنه‌وه، كه تێیدا حه‌مزه بن لادن له ته‌مه‌نی هه‌رزه‌كاریدایه.
گرته ڤیدیۆییه‌كه، له پاڵ ژماره‌یه‌كی یه‌كجار زۆری دۆكیومێنت و به‌ڵگه‌نامه‌ی دیكه‌دان، كه له‌ناو كۆمپیوته‌ره تایبه‌ته‌كه‌ی ئوسامه بن لادندا بووه و له كاتی هه‌ڵمه‌تی كوشتنه‌كه‌یدا له 2ی ئایار/ مایۆی 2011 له پاكستان، كه‌وتووه‌ته ده‌ست سی ئای ئه‌ی ئه‌مه‌ریكا.
به گوێره‌ی شاره‌زایانی دامه‌زراوه، ئاهه‌نگی هاوسه‌رگیرییه‌كه‌ی حه‌مزه له وڵاتی ئێران به‌ڕێوه‌چووه، كه ئوسامه بن لادن له سه‌رده‌می هێرشه‌كانی 11ی سێپتێمبه‌ری 2001ه‌وه له‌و وڵاته نیشته‌جێ بووه.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كانیش، كوڕه‌كه‌ی ئوسامه بن لادن، هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ كچی به‌رپرسێكی باڵای سه‌ربازی رێكخراوی قاعیده‌دا كردووه، كه به ئه‌بو محه‌مه‌د میسری ناسراوه.
به گوێره‌ی به‌ڵگه‌نامه ده‌ستكه‌وتووه‌كان، كه پێشتر له‌لایه‌ن ئاژانسی فرانس پرێس له مایۆ/ ئایاری 2015 بڵاوكراونه‌ته‌وه، ئوسامه بن لادن، سه‌رقاڵی ئه‌وه بووه حه‌مزه‌ی كوڕی ئاماده بكات بۆ ئه‌وه‌ی ببێته كه‌سی یه‌كه‌می رێكخراوی قاعیده.
ئیداره‌ی پێشتری ئه‌مه‌ریكا، به سه‌رۆكایه‌تی باراك ئۆباما، سزای به‌سه‌ر حه‌مزه بن لادندا سه‌پاندووه و به تیرۆریستی پۆلێنكراوی تایبه‌ت وه‌سفكراوه، ئاماژه‌یان به‌وه‌ش كردووه، له كرده‌وه تیرۆریستییه‌كان تێوه‌گلاوه.
شاره‌زایان له‌و بڕوایه‌دان، مانه‌وه‌ی حه‌مزه بن لادن و به‌رپرسانی دیكه‌ی رێكخراوی توندڕه‌وی قاعیده له وڵاتی ئێران و له ژێر ده‌سه‌ڵاتی به‌رپرسانی ئێران، ده‌بێته به‌ڵگه‌یه‌كی نوێ بۆ بوونی په‌یوه‌ندی و هاوكاری نێوان تاران و قاعیده.