چیای ئاسۆس سێ جار بۆردوومانكرا

بۆردومانكردنی چیای ئاسۆس ھیچ زیانێكی گیانیی نەبووە

K24 - ھەولێر

كامەران حەسەن، قایمقامی ماوەت، بە كوردستان24 راگەیاند، كاتژمێر 6 و نیوی شەوی 3 ئەم مانگە، چەند فڕۆكەیەكی نەناسراو 3 جار چیای ئاسۆسی سەربە قەزاكەیان بۆردومان كردووە كە سێ كیلۆمەتر لە گوندی گەڵاڵە دوورە.

قایمقامی ماوەت جەختیشی كردەوە، بۆردومانەكە ھیچ زیانێكی گیانیی لێنەكەوتووەتەوە.

ھەروەھا سەرچاوەيه‌ك له‌ ناوچەی ماوەت بە كوردستان24 راگەیان كە سەر لە بەیانی ئەمڕۆش ئەو فرۆكانە چیای ئاسۆسیان دووبارە بۆردومانكردووەتەوە.

سەبارەت بە بوونی گەریلاكانی پژاك لەو چیایە، كامەران حەسەن رایگەیاند، جمووجۆڵی پژاك لە چیاكە زۆر بە كەمی دەبیندرێت و ھێشتا نازانن ئاخۆ چیاكە بۆچی بۆردومان كراوە.

ھەر لەوبارەوە ئاوات كونجرینی، بەرپرسی ناوچەی شارباژێری پارتی دیموكراتی كوردستان بە كوردستان24 گوت: "راستە ئەو سنوورەی چەند بارەگایەكی پەكەكەی لێیە، بەڵام بۆردوومانەكە كوێرانە كراوە، زیانی گیانی نەبووە، ئەوەی زانراوە شۆفڵ و گەڵابەیەك سوتاوە".

   گوتیشی: "پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆش دوو فڕۆكەی نەناسراو بە ئاسمانی ناوچەكەدا سوڕاونەتەوە، بەڵام تا ئێستا زانیاری فەرمی نییە كە بۆردوومانیان كردبێت".

ئەوەشی خستەڕوو: "بە فەرمی نەزانراوە كە ئەو فڕۆكانە ھی كام وڵاتن سنوورەكەیان بۆردوومان كردووە، بەپێی زانیارییە نافەرمییەكان دەگوترێت فڕۆكەی توركیا بۆردوومانی ناوچەكەی كردووە".

قەزای ماوەت بە دووری 56 كیلۆمەتر دەكەوێتە باكووری رۆژئاوای پارێزگای سلێمانی و ھاوسنوورە لەگەڵ ئێران.