لە دەباشان داوایەك لە بەرھەم ساڵح دەكرێت

ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی: دەبێ زەمینە بۆ بەستنی كۆنگرە خۆش بكەین

K24 - سلێمانی

لە چلەی کۆچی دوایی مام جەلال، كە زۆربەی ئامادەبوان ئەندام و لایەنگری یەكێتی نیشتمانی كوردستان بوون، یەكێك لەوانە بەرھەم ساڵح، جێگری پێشووی سكرتێری گشتی یەكێتی بوو كە ھاتبووە دەباشان، زۆرێك لە كادیر و ئەندامانی یەكێتی و لەسەر گۆڕی تاڵەبانی لەگەڵ گەیشتنی بەرھەم ساڵح دەنگیان بەرزكردەوە و داوایان لێكرد بگەڕێتەوە ناو ڕیزەکانی یەکێتی، بەڵام بەرھەم ساڵح جگە لەوەی سوپاسی كردن، ھیچ وەڵامێكی كادیر و لایەنگرانی یەكێتی نەدایەوە.

ژمارەیەك لە سەركردەكانی یەكێتی ئاشكرایان كردووە، لە دوایین كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی، مەكتەبی سیاسیی حزبەكەیان ھەڵوەشاندووەتەوە، عیماد ئەحمەد، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەسەر گۆڕی مام جەلال، بە كوردستان24 گوت: "دەبێ زەمینە بۆ بەستنی كۆنگرە خۆش بكەین، كە ئەو رێیەی مام جەلال بۆی دەست نیشان كردوین بیگەیەنینە ئامانج".