ئێران له نزیك سنووره‌كانی ئیسرائیل بنكه‌ی سه‌ربازی داده‌مه‌زرێنێت
ته‌واوی وێنه‌كان له رێگه‌ی مانگی ده‌ستكرده‌وه گیراون
K24 - هه‌ولێر:
چه‌ند وێنه‌یه‌ك كه له رێگه‌ی مانگه ده‌ستكرده‌كانه‌وه گیراون، بنكه سه‌ربازییه‌كانی ئێران له نزیك بادیه‌ی دیمه‌شق نیشان ده‌ده‌ن، كه وه‌ك به‌ڵگه نیشان دراوه و ئێران له‌و ناوچانه سه‌رقاڵی دامه‌زراندنی چه‌ندین بنكه‌ی سه‌ربازییه.
وێبسایتی "العربیة" بڵاویكردووه‌ته‌وه، ئه‌و شوێنه ده‌كه‌وێته ده‌ره‌وه‌ی شاری "كسوه" كه به دووری 14 كیلۆمه‌تر ده‌كه‌وێته باشووری دیمه‌شق و 50 كیلۆمه‌تر له به‌رزاییه‌كانی جۆلان دووره.
بنیامین نه‌ته‌نیاهو، سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل له باره‌ی بوونی بنكه‌ی سه‌ربازی ئێران له‌و ناوچه‌یه، به سێرگی شۆیگۆ، وه‌زیری به‌رگری رووسیای راگه‌یاندووه، ئێران هه‌وڵده‌دات بوونی سه‌ربازی خۆی له ناوچه‌كه بسه‌لمێنێت، به‌ڵام رێگه به‌و كاره ناده‌ین.
شوێنی بارهه‌ڵگره سه‌ربازییه‌كان و مانه‌وه‌ی سه‌ربازان
وێنه بڵاوكراوه‌كان له رێگه‌ی مانگی ده‌ستگری دامه‌زراوه‌ی DigitalGlobe گیراون، كه باره‌گاكه‌ی له ویلایه‌تی نیویۆركه و له‌سه‌ر داوای كه‌ناڵی BBCى به‌ریتانیيه‌وه وێنه‌كانیان گرتووه, وێنه‌كانیش له سێ كاتی جیاوازی ئه‌مساڵ گیراون.
وێنه‌كان زنجیره‌یه‌ك باڵه‌خانه نیشان ده‌ده‌ن، كه پێده‌چێت تایبه‌ت بن به راگرتنی بارهه‌ڵگری سه‌ربازی و مانه‌وه‌ی سه‌ربازان، به به‌راوردكردنیش له‌گه‌ڵ وێنه‌ی مانگی مانگی ئایار/ مایۆی رابردوو، دامه‌زراوه‌ی دیكه‌ی نوێ له شوێنه‌كه به‌رچاو ده‌كه‌ون، كه سه‌خته بزانرێت ئامانج له بنیاتنانییان چییه.
به گوێره‌ی راپۆرتی شیكاری BBCى به‌ربیتانی بۆ وێنه‌كان، بوونی سه‌ربازی ئێران، له‌و ناوچه‌یه سه‌لمێنراوه.
.jpg)
هێڵی لۆجیسی گه‌یاندنی هاوكاری بۆ حزبوڵڵا
به گوێره‌ی راپۆرته هه‌واڵییه‌كان، ئێران ویستی مانه‌وه‌ی درێژخایه‌نی هه‌یه له سووریا، ئه‌وه‌ش له‌گه‌ڵ لۆژیكی ئێرانییه‌كان ناكۆك نییه، تاران جگه له‌وه ده‌یه‌وێت كه‌وانی هه‌ژموونی خۆی، كه هیلالی شیعی پێده‌گوترێت، ته‌واو بكات، هاوكات ده‌یه‌وێت، هێلێكی لۆجیستی دوور و درێژ بۆ هاوكاریكردنی حزبوڵڵای لوبنانییش دابمه‌زرێن.
له راپۆرته‌كه‌ی بی بی سی به‌ریتانی، بوونی هیچ چه‌كێكی پێشكه‌وتوو له‌و شوێنه به‌دی ناكرێت، به‌ڵكو ته‌نها شوێنی مانه‌وه‌ی سه‌ربازی و بارهه‌ڵگره سه‌ربازییه‌كانه، به گوێره‌ی سه‌رچاوه‌یه‌كیش، كه ته‌له‌ڤزیۆنه به‌ریتانییه‌كه‌ی ناوه‌كه‌ی ئاشكرا نه‌كردووه، به‌رپرسانی باڵای ئێران سه‌ردانی ناوچه‌كه‌یان كردووه به گوێره‌ی وێنه‌كانیش، هه‌ندێك له باڵه‌خانه‌كان به‌رزكراونه‌ته‌وه و نهۆمی دیكه‌یان بۆ زیادكراوه.
له شیكردنه‌وه‌ی وێنه‌كان بی بی سی روونیكردووه‌ته‌وه، كه هه‌ر یه‌كێك له‌و باڵه‌خانه سه‌ربازییانه، جێگه‌ی 8 بارهه‌ڵگر و ئۆتۆمبێلی سه‌ربازی ده‌بیته‌وه، هاوكات ئه‌وه‌ش پشتڕاست نه‌كراوه‌ته‌وه ئایا ئه‌و باڵه‌خانانه له ئێستادا به‌كارده‌هێنرێن، یاخود هێشتا له ژێر بنیاتنان دان.
.jpg)
شوێنی نیشتنه‌وه‌ی فڕۆكه‌ی نییه
له وێنه‌ی سێیه‌مدا، كه دوو مانگ به‌ر له ئێستا گیراوه، ده‌رده‌كه‌وێت كاركردن و په‌ره‌پێدان له دوو باڵه‌خانه‌ی گه‌وره‌دا به‌رده‌وامه و باڵه‌خانه‌یه‌كی نوێی دیكه‌ش بنیاتنراوه، رووبه‌ری شوێنه‌كه‌ش به جۆرێك فراوانه كه هێشتا پێناچێت كۆتایی هاتبێت.
تا ئێستاش هیچ شوێنێكی نیشتنه‌وه و هه‌ڵفڕینی فڕۆكه له نزیك شوێنه‌كه درووست نه‌كراوه، جگه له رێگه‌یه‌كی سه‌ره‌كی بۆ ناوه‌ڕاستی شوێنه‌كه، هیچ رێگه‌یه‌كی دیكه‌ی سه‌ره‌كی ئه‌و بنكانه به شوێنی دیكه‌ی ده‌وروبه‌رییان نابه‌ستێته‌وه.
.jpg)