لە پەرلەمانی كوردستان پاكێجێك بۆ بەغدا ئامادە دەكرێت

پەرلەمانی كوردستان و فراكسیونە كوردییەكان لە پەرلەمانی عێراق كۆدەبنەوە

K24 - ھەولێر

سكرتێری پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ لەگەڵ فراكسیۆنە كوردییەكان لە پەرلەمانی عێراق كۆدەبنەوە و پاكێجێك ئامادە دەكەن، بۆ ئەوەی بە ھەموو لایەنەكان بتوانن بەرگری لە مافەكانی كورد لە عێراق بكەن.

بێگەرد تاڵەبانی، سكرتێری پەرلەمانی كوردستان بە كوردستان24 گوت: "پێمان باش بوو وەك پەرلەمانی كوردستان لەگەڵ فراكسیۆنە كوردییەكان لە پەرلەمانی عێراق، لەبارەی بارودۆخی ئێستای ھەرێمی كوردستان و عێراق كۆببینەوە".

گوتیشی: "دەمانەوێت لە كۆبوونەوەكەدا راوێژێكی  ورد بكەین بۆ ئەوەی پاكێجێكی گشگیر لە رووی یاسایی و دەستووری و دارایی و تەواوی مافەكانی كورد لە چوارچێوەی عێراق ئامادە بكەین، وەك نیەتی پاڵپشتی بۆ ئەو تیمەی ھەرێمی كوردستان كە بە نیازە بۆ دانوستان سەردانی بەغدا بكەن، بۆ ئەوەی دەستەبەر مافەكانی گەلەكەمان بكات، چونكە ئێستا دۆخەكە گۆڕانی بەسەرداھاتووە".

بێگەرد تاڵەبانی ئاشكرای كرد: "لە كۆبوونەوەكەدا باس لە پشكی ھەرێمی كوردستان لە بودجە عێراق دەكەن، بۆ ئەوەی بە ھەموان كار بۆ ئەوە بكەین، پێش ئەوەی بودجە بچێتە پەرلەمانی عێراق بتوانین شایستە داراییەكانی ھەرێمی كوردستان، وەك ساڵانی پێشتر كە رێككەوتنی لەسەر كراوە پارێزراوبێت، ھەروەھا ئەو ماددە و بڕگانەی لە دەستووری عێراق لەسەر مافەكانی گەلی كوردستان ھەیە و پەسندكراون، كار لەسەر ئەوە بكەین پێشێل نەكرێ، ھاوكات دەمانەوێت گفتوگۆ بكەین سەبارەت چارەسەركردنی ئەو گرژیانەی كە لە نێوان ھەرێم و بەغدا دروست بوونە".