هاووڵاتييه‌كى كوردى سه‌رپێل زه‌هاو: چونكه‌ كوردين ده‌سه‌ڵاتدارانى ئێران نايه‌ن به‌ ده‌ممانه‌وه‌

ده‌سه‌ڵاتدارانى شيعه‌ى ئێران ته‌نيا ئه‌و ناوچانه‌ به‌سه‌ر ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ شيعه‌نشينن

K24 – هه‌ولێر:

له‌ گرته‌يه‌كى ڤيديۆيدا كه‌ له‌ تۆڕى كۆمه‌ڵايه‌تى فه‌يسبووك بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، دوو هاووڵاتى كورد رايده‌گه‌يه‌نن، به‌رپرسانى ئێران جياوازى له‌ نێوان هاووڵاتيانى زيانلێكه‌وتووى بومه‌له‌رزه‌كه‌ى 12ى نۆڤێمبه‌ر ده‌كه‌ن و چونكه‌ كوردن و سوننه‌ن تا ئێستا كه‌س ئاوڕى لێ نه‌داونه‌ته‌وه‌.

ئێواره‌ى 12ى نۆڤێمبه‌رى 2017 بوومه‌له‌رزه‌يه‌كى به‌هێز ناوچه‌كانى رۆژهه‌ڵات و باشوورى كوردستانى گرته‌وه‌ و به‌و هۆيه‌وه‌ له‌ سنوورى پارێزگاى كرماشان و ناوچه‌كانى سه‌رپێل زه‌هاو سه‌دان هاووڵاتى كورد گيانيان له‌ده‌ستدا و هه‌زارانى ديكه‌ بريندار بوون و سه‌دان باڵه‌خانه‌ و خانووى هاووڵاتيان وێران بوون.

يه‌كێك له‌و هاووڵاتييانه‌ى وته‌كانى له‌ فه‌يسبووك بڵاوكراونه‌ته‌وه‌ ده‌ڵێت: به‌رپرسانى ئێران تا ئێستا نه‌هاتوون لێمان بپرسنه‌وه‌. چونكه‌ ئێمه‌ كوردين و سوننه‌ين و ئه‌و شوێنه‌ى شيعه‌نشين بووه‌ به‌سه‌ريان كردووه‌ته‌وه‌.

هه‌روه‌ها داوا ده‌كات ده‌سه‌ڵاتدارانى ئێران لانيكه‌م حسابى يه‌مه‌ن، سووريا و فه‌له‌ستين و عێراقيان بۆ بكات و هاوكارييان بكات بۆ ئه‌وه‌ى قوربانييه‌كان له‌ ژێر داروپه‌ردووى خانووه‌ رووخاوه‌كاندا ده‌ربێنن.