ئامێرێكی پزیشكی ئاسانكاری بۆ نه‌خۆشه‌كانی دڵ ده‌كات

"پێویست ناكات نەخۆش ببرێنە دەرەوەی كوردستان"

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/95985fb0-bf82-482a-8600-b687ce072a3f/011218BZG.ism/manifest

K24 - سلێمانی

بۆ یەکەمجار ئامێری رۆتابلەیتەر لە ھەرێمی کوردستان بەکارھێنرا بۆ نەشتەرگەری 5 ھاووڵاتی نەخۆش و تەواوی نەشتەرگەریەکانیش بەسەرکەوتووی لەلایەن پزیشکانەوە ئەنجامدرا، ئەو ئامێرە کاری لابردنی کلس دەكات لە دەمارەکانی دڵ و کلسەکە رێگرە لەدانانی شەبەکە و باڵۆن بۆ دەمارەکانی نەخۆش، بەم جۆرە و لەو بوارەدا چیتر ھاووڵاتیان پێویستیان بە دەرەوەی وڵات نابێت و لە کوردستان نەشتەرگەریان بۆ دەکرێت.

دكتۆر ئارام  جەمال، پزیشکی پسپۆر لە نەخۆشییەكانی دڵ بە كوردستان24 گوت: "لە چەند ساڵی رابردوودا ھەموو ئەو نەخۆشانەی پێویست بوو بەو ئامێرە چارەسەر بكرێن ناردراون بۆ دەرەوەی كوردستان، بەڵام ئێستا ئامێرەكە لە ھەرێمی كوردستان ھەیە و لەكاتی ھێنانی بۆ نەخۆشخانەكەمان بۆ ژمارەیەك نەخۆش بەكارھێندراوە و سەركەوتوو بووە".

ئامێری رۆتابلەیتەر، ساڵانێکی زۆرە لە وڵاتانی پێشکەوتوو بەکاردەھێنرێت بۆ نەشتەرگەریکردنی ھاووڵاتیان، ھەربۆیە دانانی ئامێرەکە لە نەخۆشخانەیەکی حکومی کوردستان، خۆشحاڵی لەلای پزیشکان دروستکردووە.

بەگوێرەی ئامارێکی نەخۆشخانەی دڵ لە سلێمانی، لەساڵی 2017، 11 ھەزار و 500 نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەکەیان کردووە و لەو ژمارەیەش 8 ھەزار و 300 نەخۆش ماونەتەوە و چارەسەریان وەرگرتووە. لە بەشێکی تری ئامارەکە ئەوە خراوەتەروو کە 310 نەشتەرگەری گەورەی دڵ بۆ ھاووڵاتیان کراوە و 2 ھەزار و 518 نەخۆشیش قەستەرەی بۆ کراوە و 3 ھەزار و 530 نەخۆشیش شەبەکە و باڵۆنی بۆ کراوە.

ھ.م