پارتی ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووكی دەوێ

یەكێتی داوا دەكات دۆخی ئێستای كەركووك نەكرێتە لەمپەری بەردەم ھەڵبژاردن

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/e9150dce-5d69-4198-9ee3-437c86e70231/011618DXR.ism/manifest

K24 - ھەولێر

پارتی دیموكراتی كوردستان رایوایە، بەر لە ھەڵبژاردنەكانی عێراق كاری ھەرە سەرەكی، ئاساییكردنەوەی دۆخی ئەو ناوچانەیە كە سوپای عێراق و حەشدی شەعبی داگیری كردوون، بەوپێیەی ھەڵبژاردن لەژێر ھەڕەشە و مەترسی و تەعریب كردندا ھیچ مانایەك نابەخشێت. ئەندامێكی مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتیش ھەردوو بوار بە گرنگ دەزانێت، بەڵام راشی وایە نابێ ئاسایی نەبوونەوەی دۆخی كەركووك ببێتە بیانوو بۆ ئەنجام نەدانی ھەڵبژاردن لەوشارە.

بڵند ئیسماعیل، ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە كوردستان24 راگەیاند: "كەركووك ئێستا لەژێر چەپۆكی داگیركاریدایە، زەبر وزەنگ بەتایبەتی لەسەر كورد ھەیە، بێگومان لەم دۆخەدا ھەڵبژاردن لە كەركووك بكرێت، تەعبیر لە دەنگی كورد ناكات و زوڵم لە كورد دەكرێت، بۆیە ئێمە وەكو پارتی پێمانوایە تا دۆخی كەركووك ئاسایی نەكرێتەوە، ھەر ھەڵبژاردنێك بكرێت شەرعیەتی نابێت، بۆ ھەڵبژاردنی پارێزگاریش ھەمان بۆچوونمان ھەبووە".

ھەریەكە لە گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی و ھاوپەیمانی دادپەروەری و دیموكراسی، بۆ ھەڵبژاردن لە ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، ھاوپەیمانیان پێكھێناوە، چەند حزبێكی دیكەش بڕیاریانداوە بەتەنیا بەشداری ھەڵبژاردنەكان بكەن. بەپێی قسەی چاودێرانی سیاسیش دەبوا سەرەتا ئەركی ھەمووان ئاساییكردنەوەی دۆخە شڵەژاوەكە بوایە، ئەندامێكی مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتیش رای وایە نابێ بە بیانووی ئاسایی نەبوونەوەی دۆخەكە ھەلبژاردن لە شارەكە ئەنجام نەدرێت.

ئەنوەر حسین، ئەندامی مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان گوتی: "ئاسایی كردنەوەی دۆخی كەركووك كارێكی باشە، بەڵام لە ھەمانكاتدا دەبێ ھەڵبژاردنیش بكرێت، ئەگەر بایكۆتی ھەڵبژاردن بكەین لە كەركووك و ناوچە جێناكۆكەكان، بە بڕوای من ئەوكاتە نفوز و ھەیمەنەی شیعە و سوننەكان زۆرتر دەبێت لەو ناوچانە".

گوتیشی: "دەكرێ ھەموویان رێك بكەون لەسەر ئەوەی پشتیوانی خەڵكی كەركووك و خورماتوو و شوێنەكانی دیكە بن، بەجۆرێك كێشە لەو ناوچانە دروست نەبێت، چونكە حكومەتی عێراق ئەوەی دەوێت، ھێزە كوردییەكان زیاتر پەرش و بڵاوبن".

لە دوای رووداوەكانی 16 ئۆكتۆەرەوە ھەر بەرپرسێكی بیانی سەركردە باڵاكانی عێراق و كوردستانی بینیبێت، داوای ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك و دووز خورماتووی كردووە.  حكومەتی بەغداش بە بەیاننامە و لێدوانی رۆژنامەوانیەكانیدا خەجت لە ئاساییكردنەوەی دۆخی ئەمنی ئەو ناوچانە دەكاتەوە، بەڵام بە كردار بەردێكی نەخستوەتە سەر بەردێك و بە پێچەوانەوە دەستی داوەتە تەعریبكردنی ئەو ناوچانە بە ئامانجی ئەوەی كورد لە زۆرینەوە بكاتە كەمینە و نەتەوەی عەرەبیش بكاتە زۆرینە.

داڕشتنەوە:ھ.م